بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی ڕاگەیاندووە: " ئەجێندای کۆبوونەوەکە زۆر قەرەباڵخ بوو و زۆر بابەتی گرنگی تێدا باسکرا، لەوانە باسی بەغدا، پەیوەندییە ناوخۆییەکان و کێشەکانی یەکێتی و کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دراوە."
لەبارەی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردن کراوە، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "بە دڵنیاییەوە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان باسی هەڵبژاردن بوو و باسمان کرد." دەشڵێت "بە کێشەیەکی گەورەوە چووینە نێو هەڵبژاردن، ئێمە بە هەموو توانای خۆمان توانیمان ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین، چوونکە ئەگەر ئەو کێشەیە نەبوایە رەنگە 10 کورسی دیکەشمان بەدەستهێنابایە، ئەگەر ئەو کێشانەش نەبوایە ئەنجامی باشترمان بەدەستدەهێنا."
لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد گوتی "کێشەیەکە ناتوانین نکۆڵی لێبکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین و لەم کۆبوونەوەیەش بە دڵنیاییەوە باسی ئەو کێشەیە کرا و نەخشەڕێگەیەکیشمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەیە."
لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد رایگەیاند "زۆربەی بۆچوونەکان بۆ ئەوە بووە کە کات بۆ ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گونجاو نییە، لەبەر ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە ناتوانین لە هەرێمی کوردستان و بەغداش شەڕی بۆ بکەین. بۆیە نازانین رەوشی عێراق چی لێدێت، هەموو لایەنە سیاسییەکانیش هەر کێشەیەکیان هەبێت خسوویانەتە دوای چارەسەرکردنی دۆخەکە."
بەگوتەی فەرید ئەسەسەرد ئەوان نەخشەڕێگایەکیان چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان یەکێتی داناوە و دەشڵێت "لە داهاتوویەکی نزیکدا هەوڵی یەکدی بینینی هاوسەرۆکان بژاردەیەکە و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەوە بێتەدی."
دەشڵێت "ئەم دانیشتنە دەبێت بکرێت و بەرنامەکە ئەوەیە دەبێت ئەو دوو جوامێرە دابنیشن و چارەسەری کێشەکانیان بکەن، دەمانەوێت کێشەی نێوانیان کۆتایی پێبێت. هەوڵێکی جیدییش هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانیان و هانمانداون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان."
سەبارەت بەوەی کە ئەوان پێشبینی ئەوە دەکەن لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتی جیاببێتەوە و لیستێک بۆخۆی دروست بکات؟ فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "ئێستا ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین، بەڵام لە کاتی دروستبوونی کێشە هەر لایەنێک چەند بژاردەیەکی لە پێش دەبێت و کامیان هەڵدەبژێرێت پەیوەندی بە خۆیەوە دەبێت، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین بگەینە رێککەوتنێک کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت و کێشەی لێنەکەوێتەوە."
سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راشیدەگەیێنێت " تاوەکوو ئێستا بە وردی ئێمە نازانین چەند کورسیمان هەیە، لە بەغدا هێشتا کێشە هەیە و ئەنجامەکان یەکلایی نەبوونەتەوە."
Your Comment