کونسووڵی نوێی ئه‌مریکا و شاندێکی یه‌کێتی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کونسووڵی نوێی ئه‌مریکا و شاندێکی یه‌کێتی پێکهاتوو له‌ جێگری سکرتێری گشتی و لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆ بوونه‌وه‌ و پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانیان تاوتوێ کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 12ی ئاب‌ له‌ شاری سلێمانی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازییان كرد له‌ ستیڤ ڤاگن كونسووڵی نوێی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری و له ‌كۆبوونه‌وه‌‌كه‌دا هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ر دوو لا كۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ كورد به‌ به‌هێزیه‌وه‌ به‌شداری له‌ حكوومه‌تی عێراقی بكات و ببێته‌ به‌شێكی گرنگ له‌ بڕیاری سیاسیی عێراق.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ وا بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ تاوتوێ كران و هه‌ر دوو لا كۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكراسی و دوور له‌ توندوتیژی.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ ڕای‌گه‌یاند: "یه‌كێتی و پارتی ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ لایێک ‌و هیچ كه‌سێک بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت نییه‌ به‌ڵام هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی‌ و حزبه‌كانی عێراقدا هێناوه‌، شیعه‌ دوو جه‌مسه‌رن، سوننه‌ سێ‌ جه‌مسه‌رن، كوردستانیش دوو هێزی زۆرینه‌ین ‌و هێزه‌كانی‌تر كه‌مینه‌ی به‌رهه‌ڵستكارن، ته‌نها كوردستان به ‌زۆرینه‌یێكی ره‌ها ده‌توانێ‌ بچێته‌ ناو دانووستانه‌وه‌، لایه‌نه‌كانی‌تری عێراق هیچیان ناتوانن ته‌نانه‌ت وه‌كوو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووش كاریگه‌ر بن بۆیه‌ پێمان وایه‌ باشترین حكوومه‌تی سازاوی نیشتمانی ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ر دوو جه‌مسه‌ری شیعه ‌و لایه‌نه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سوننه ‌و هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان كابینه‌ی نوێ‌ پێکبهێنن".

مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا ڕایگه‌یاند: "وه‌كوو یه‌كێتی خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ كردوووه‌ به‌ڵام ئایا كێشه‌ی عێراق ‌و پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت هه‌تا (30/9/2018) ته‌واو ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه‌ له ‌عێراق چاره‌سه‌ر نه‌بوون، ئایا‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی عێراق ‌و ناوچه‌كانی كه‌ركووک ‌و خانه‌قین ‌و مووسڵ نابێت؟ ئایا ده‌كرێت له‌ دۆخێكی وادا هه‌ڵبژاردن بكرێت؟ بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كوو یه‌كێتی نه‌مانوتووه‌ دوابخرێت به‌ڵام ئه‌مه‌ دۆخه‌كه‌یه‌‌ و ناكرێ‌ نادیده‌ بگیرێ‌".

له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كونسووڵی نوێی ئه‌مریكاش ڕایگه‌یاند: "بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی عێراقیش ده‌بێت كار به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت حكوومه‌تی عێراق‌ و هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37234

Your Comment

You are replying to: .
captcha