که‌مال که‌رکووکى: یه‌کێتی 100 کورسیش بهێنێت هیچی پێناکرێت له‌ کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتی کوردستان پاش زیاتر بوونی گرژییەکان لەنێوان حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیدا ڕایگەیاند یه‌کێتی 100 کورسیش بهێنێت هیچی پێناکرێت له‌ کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌بانگه‌شه‌ى پارتى بۆ کەرکووک که‌ له‌شارى هه‌ولێر سازکرابوو که‌مال کەرکووکى ڕایگه‌یاند، "ئێمه‌ وه‌ک پارتى له‌ساڵى 2018 بایکۆتى هه‌ڵبژاردنمان کرد و ئه‌وان 6 کورسییان هێنا، به‌ڵام هیچیان پێنه‌کرا و نه‌ک شه‌ش کورسى هه‌رچه‌ند کورسیه‌کانیان زیاتر بێت هیچیان پێناکرێت".

ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له‌بانگه‌شه‌ى حزبه‌که‌ى ڕاشیگه‌یاند، "پارتى هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ که‌ پارێزگارى بکات ‌و پێشتر بینرا چۆن هه‌وڵیان داوه‌ که‌ هه‌ولێرى پایته‌خت له ‌شه‌ڕه‌کانى پردێ‌ و سحێلا بپارێزن".

ئه‌ندامه‌که‌ى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وان وه‌ک پارتى له‌ساڵى 2018 له ‌کەرکووک به‌شداریى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیان نه‌کرد، به‌ڵام وتى: "ئه‌وانه‌ى خیانه‌تیان کرد توانیویانه‌ شه‌ش کورسى به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وان که‌ (مه‌به‌ست لێى یه‌کێتیه‌) نه‌ک شه‌ش کورسى، 100 کورسیش بهێنن هیچیان پێناکرێت له‌ کەرکووک".

له ‌وه‌ڵامى قوباد تاڵه‌بانیدا که‌ سوێندى خواردبوو، پارتى ده‌یه‌وێت ببێته‌ کوێخاو ئه‌وان قبوڵیناکه‌ن، که‌مال کەرکووکى وتى: "ئێمه‌ش کوێخایى له‌که‌س قبووڵ ناکه‌ین ‌و یاسا کوێخاى هه‌موومانه‌".

News Code 3592

Your Comment

You are replying to: .
captcha