بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆڕی میدیایی ڕووداو بڵاوی کردەوە نێچیرڤان بارزانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی گوتیشی، "داوای ئێمە بۆ نەوتی کەرکووک نییە، داوامان لەسەر ناسنامەی کەرکووکە، ئێمە نامانەوێت شەڕێکی نەتەوەیی بە کەرکووکییەکان بکەین، نامانەوێت شەڕی نەتەوەیی لە کەرکووک بکرێت، کە بە پێچەوانەی هەموو شۆڤێنییەک، دەمانەوێت، ئارامی، خزمەتگوزاری، ئاوەدانی و هاوبەشیی راستەقینە لە کەرکووک هەبێت."
چارەسەری کێشەی کەرکووک لە رێگەی ماددەی 140ـەوە داوای پارتیە، جێگری سەرۆکی حیزبەکە دەڵێت، "نامانەوێت بە شەڕ و کودەتا چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە، بەڵکو لە رێگەی ماددەی 140ـەوە دەمانەوێت مافەکانیان یەکلایی بکرێتەوە." هاوکات لە بانگەشەکەدا دووبارە داوای جێبەجێکردنی کرد.
نێچیرڤان بارزانی پێکەوەژیانی کەرکووکییەکانیشی بە "سەرکەوتن" ناوبرد، گوتی، "نامانەوێت هیچ نەتەوەیەک لە کەرکووک بشکێت، دەمانەوێت هەموومان پێکەوەبژین و ئەوەش سەرکەوتنە بۆ هەموویان.. هەر ئەوەش تێڕوانینی سەرۆکی پارتییە بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک."
نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی نێوان پارتی و کەرکووکییەکانی بە "وەفادار" ناوبرد و رایگەیاند، "کەس نییە باسی مێژووی خەباتی کەرکووک و کوردایەتی لە کەرکووک بکات و ناوی شەهیدەکانی پارتی نەزانێت."
جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، دەبێت کار بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کەرکووک بکەین، "تاوەکو پارتی، سەرکردایەتی و سەرۆکەکەی هەیە، نابێت هیچ کەرکووکییەک هەست بە بێکەسی بکات."
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوت کە ئەوان کەرکووکیان وەک بەشێک لە هەرێمی کوردستان داناوە و دەبێت پارێزگاری شارەکەش کورد بێت و خزمەتی خەڵک و پێکهاتە جیاوازەکان بکات.
جێگری سەرۆکی پارتی داوای لە خەڵکی کەرکووکیش کرد، خۆیان ئامادە بکەن و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، گوتی، "یەک دەنگ زۆرە." گوتیشی، بە گڕوتینەوە هەمووتان بچنە سەر سندووقی دەنگدان و ئەوانە هەڵبژێرن کە داکۆکی لە مافەکانتان دەکات.
Your Comment