ئیمانوێل ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: فەرەنسا لەگەڵتان بەردەوام دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فەرەنسا نامەیەک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و تێیدا سوپاسی دەکات بۆ ئەو "پێشوازییە گەرمەی" لە هەولێر لێیکراوە و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بە "دێرین و بێهاوتا" ناودەبات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیانیى ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-9-2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کۆنسوڵى گشتیى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا دیکۆتینى نامەیەکى ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆمارى فەرەنساى بە نێچیرڤان بارزانى گەیاند.

دەقی نامەکەی ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:

ڕێزدار جەنابى سەرۆک، نێچیرڤانى هێژا

شەرەفمەند و خۆشحاڵم کە بە ناوى فەرەنسا و بە ناوى خۆمەوە سوپاسگوزارى پێشکەش بە جەنابتان بکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لە هەولێر لە منتان کرد، وەک چۆن لە دیدار و کۆبوونەوەکانى پێشترماندا لە بەغدا و پاریس، بەڵێنى سەردانى هەولێرم بە جەنابتان دابوو.

فەرەنسا و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دێرین و بێهاوتایان هەیە کە دەبێت لە ئاستێکى بەرزدا ڕایبگرین. ئەم گیانى دۆستایەتى و متمانە و وەفادارییە لە کۆبوونەوەکەماندا ڕەنگدانەوەى لەسەر دەوڵەمەندیى گۆڕینەوەى بیروبۆچوونەکانمان هەبوو، هەروەها بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانى و خانەوادەى شەهید هوجام سوورچى لە هەولێر، خوازیار بووم ئەم وەفادارى و دۆستایەتییە بەرز ڕابگرم.

دڵنیام هەرێمى کوردستان سوودمەند دەبێت لەو پێشکەوتنانەى لە کۆنفرانسى بەغدا بۆ هەماهەنگى و هاوبەشى بەدەست هاتوون، دڵنیاش بن فەرەنسا لە دژى تیرۆر، هەروەها بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیى ئابووری و کۆمەڵایەتى، لە پایەندیى خۆى لەگەڵ ئێوەدا، بەردەوام دەبێت.

بە نوێکردنەوەى وەفادارترین هیوام بە سەرکەوتنان جەنابى سەرۆک، تکایە بفەرموون بۆ قبووڵ کردنى ڕێزى بێکۆتاییم.

News Code 3539

Your Comment

You are replying to: .
captcha