سه‌رۆکایه‌تی کۆمار: هه‌ر هه‌وڵێک بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق، رایگه‌یاند، هه‌ر هه‌وڵێک بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌ و پشتیوانی له‌ کێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین ده‌که‌ین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا، نووسینگەی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق رایگه‌یاند: "سه‌رۆکایه‌تی کۆمار هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی خۆی سه‌باره‌ت به‌پشتیوانی کێشه‌ی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین دووپات ده‌کاته‌وه‌، تا به‌دیهێنانی هه‌موو مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، له‌هه‌مانکاتدا دووپاتیده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ به‌شێوه‌یێکی ره‌ها هه‌ر بابه‌تێکی ئاساییکردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌، له‌هه‌مانکاتدا داوای رێزگرتن له‌ئیراده‌ی عێراقیه‌کان و بڕیاری نیشتمانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وان ده‌که‌ین".

ده‌شڵێت، "سه‌رۆکایه‌تی کۆمار دووپاتیده‌کاته‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ کۆبوونه‌وانه‌ نوێنه‌رایه‌تی دانیشتوانی شاره‌کانی عێراق ناکه‌ن، به‌ڵکوو ته‌نها هه‌ڵوێستی به‌شداربووانی ئه‌و کۆنفڕانسه‌ خۆیان ده‌که‌ن".

وته‌بێژه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "ئه‌مه‌ هه‌وڵیکه‌ بۆ تێکدانی ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ مه‌به‌ست له‌م بانگه‌وازانه‌ تێکدانی هه‌لومه‌رجی گشتی و ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌".

هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا وته‌بێژه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ده‌ڵێت: "سه‌رۆکایه‌تی کۆمار داوا ده‌کات دووربکه‌ونه‌وه‌ له‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌ و بانگه‌وازه‌ ناڕاستانه‌ که‌ له‌رووی یاسایی و نیشتمانیه‌وه‌ ره‌تکراوه‌ن، ده‌بنه‌ هۆکارێک بۆ لێدان له ‌هه‌ستی عێراقیه‌کان".

جه‌ختیشی کردوه‌ته‌وه‌، "پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانمان چڕ بکه‌ینه‌وه‌ له‌پێناوی هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد و پشتیوانی کردن له‌ئاراسته‌ی نیشتمانی عێراق، بۆ دابین کردنی ژیانێکی شایسته‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ هه‌موو عێراقیه‌کان".

News Code 3484

Your Comment

You are replying to: .
captcha