هاوسەرۆکی یەکێتی: هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانی هەرێمەوە نەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسەرۆکی یەکێتی لە سەردانی بۆ ماڵی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی دەربەندیخان و کفری و بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی کوژراوانی ئەو ناوچەیە ڕەتی کردەوە کە هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانی هەرێمەوە بووبێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ـی١٢ـی ٢٠٢٠، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی یەکێتیی کە پێکهاتبوو لە د.میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پۆڵا سیروان لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی، سەردانی دەربەندیخان و کفری کرد و باوک و کەسوکاری ئەو قوربانییانەی بەسەرکردەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا شەهید بوون.

لاهور شێخ جەنگی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بە کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکانیان گەیاند و نیگەرانی قووڵی خۆشی دەربڕی و ڕایگەیاند کە هەندێک کەس و لایەنی بەرژەوەندیخواز، خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا برد کە تیایدا مامۆستا و فەرمانبەران و هاووڵاتییان داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکرد، داوایان دەکرد حکومەت خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە دابینکردنی مووچەکانیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە بەداخەوە دەرئەنجامەکەی ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە و خوێنی چەند گەنجێک بە ناهەق ڕژا.

لاهور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانەشی ڕەت کردەوە کە بۆ داپۆشینی سیاسەتە هەڵەکانیان پێیان وابوو دەستی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە هەبووبێت.

هاوکات سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد کە سەرباری لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان، لە خەمی میللەتەکەیاندان و چاویان لەوەیە کە کێشەکان چارەسەر بکرێت و گوزەرانی هاووڵاتییان باشتر بکرێت، یاسا مافەکانیان بۆ وەربگرێتەوە.

وتیشی لەکاتی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەدا لە بەغدا بووین بۆ زەمینەسازیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور، چونکە پێمان وایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە بەغدایە، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەکان لە پێناو دابینکردنی ژیان و ئارامی بۆ میللەتەکەمان، دەبێت لەو پێناوەشدا هەمووان هاوکار و پشتیوانیی یەکتر بین و کۆتایی بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان بهێنین .

لاهور شێخ جەنگی دوپاتیشیکردەوە کە دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەکان، لە دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر و شایستە بۆ هاووڵاتییان، دەبێت مەلەفی شکستخواردووی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکرێت و لە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.

جەختیشی کردەوە کە ناکرێت چیتر فرۆشتنی نەوت ببێتە مایەی نەهامەتی و قەرزاریی، هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە شایستەی ئەوەن کە لە ژێر چەتری داهات و سامانی وڵاتەکەیان ژیانێکی ئارام بەسەر ببەن، چیتر میللەتەکەمان باجی عینادیی سیاسی نەدات، دەبێت بیرمان لای بەرژەوەندیی گشتیی بێت.

لە کۆتاییدا لاهور شێخ وتی با هەموو دەست بخەینە ناودەستی یەکتر بۆ ڕێگرتن لە زیاتر برسیبوونی خەڵك بۆ ڕێگرتن لە بێ موچەیی.

ڕاشیگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتووشدا کەسوکاری سەرجەم قوربانییەکانی تر بەسەر دەکەینەوە.

لە بەرامبەردا کەسوکاری قوربانییەکان سوپاسی سەردان و بەسەرکردنەوەکەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتییان کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ خواست.

News Code 335

Your Comment

You are replying to: .
captcha