کوردپرێس:
پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان شەپۆلێک لە نیگەرانی لەبارەی دووپاتبوونەوەی هەمان سناریۆ لە عێراق و سووریا لە نێو چاودێرانی سیاسی و بەتایبەت لە نێو کوردەکانی ناوچەکە هاتە ئاراوە.
ئەمریکا بە گوێرەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ عێراق دەبێت تا کۆتایی ساڵی 2021 هەموو هێزە شەڕکەرەکانی خۆی لە عێراق بباتە دەرەوە. زۆربەی چاودێرانی سیاسی و سەربازی لەو بڕوایەدان کە ئەمریکا لە عێراق خاوەنی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی زۆرە بۆیە ئەگەرچی لە هێزە شەڕکەرەکانی دەکشێنێتەوە بەڵام بە ناوی دیکە و بە شێوازی دیکە لە عێراق دەمێنێتەوە.
پڕۆفیسۆر فیلپ کرینبرۆک مامۆستای زانکۆی گوتینبێرگی ئەڵمانی و سەرۆکی بەشی ئێرانناسیی ئەو زانکۆیە لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە هەڵەیێکی گەورە ناو دەبات و لەبارەی بوونی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و پێوەندیی لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش و قاعیدە و تاڵیبان دەڵێت: هیوادارم بایدەن پاش ئەو هەڵە گەورەیەی لە ئەفغانستان کردی چیتر هەمان هەڵە لە کوردستانی عێراق دووپات نەکاتەوە.
سەرۆکی بەشی ئێرانناسیی زانکۆی گوتینگێنی ئەڵمانیا زیادی کرد: دیارە ئەگەر ئەمریکا هەمان سناریۆی هەڵەی ئەفغانستان لە عێراق و سووریا دووپات بکاتەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی گرووپە توندڕەوەکان و ئەوەش ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە و زیانی بۆ هەموو لایەنەکانی ناوچەکە دەبێت بۆیە پێویستە کوردەکان و تەنانەت ئێرانیش ڕازی نەبن بە دووپات بوونەوەی ئەو سناریۆیە لە عێراق.
ماوەیێکی زۆرە تورکیا بە بیانووی بوونی هێزی پەکەکە و بوونی هەڕەشە دژی سنوورەکانی خاکی عێراق دەبەزێنێت و هێرش دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها لە سووریاش بە پشتگیری کردنی گرووپە جیهادییەکان بەردەوام هەڕەشەی دژی کوردەکان و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دروست کردووە. پڕۆفیسۆر فیلیپ کرینبرۆک لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا دژی کورد بە کوردپرێسی گوت: خەڵکانی ئاسایی لە تورکیا لە هەمان قۆناغی سەرتاییی قوتابخانەوە فێر دەکرێن کە کورد دوژمنی ئەوانە و ئەردۆغانیش قۆستنەوە لەو هەستە چەوتە دەکات.
سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی
Your Comment