بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەدوای پەیامی مهكتهبی سیاسی یهكێتی کە لە ساڵیادی ٣١ی ئابدا بڵاویکردەوە و دواتریش مەکتەبى سیاسى پارتی تهنها به سێ وشه وهڵامی بهیانهكهی مهكتهبی سیاسی یهكێتی دایهوه لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لاهور شێخ جهنگی هاوسهرۆكی پێشووی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگهیاند: " کاتێک یادی خیانەتی ٣١ی ئاب دەکەینەوە، بۆچی برادەرانی پارتی ئەوەندە قەڵس دەبن، لەکاتێکدا ئەو رۆژە لە مێژووی کورددا بەخیانەتێکی حاشا هەڵنەگر تۆمارکراوە و کەسیش ناتوانێت نکوڵی لێبکات، باشترە پارتی بزانێت یادکردنەوەی ئێمەش بۆ بریندار کردنی لایەنی بەرامبەر نییە بەو خیانەتە، ئەوەندەی بۆ رێزگرتنە لە خوێنی ئەو شەهیدانەی کە بەناحەق خوێنیان رژاوە و تائێستاش زۆریان تەرمەکانیان نادیارە.
ناوبراو دهڵێت "راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوە دەردەخات، کە پارتی حکوومەتی بەعسی زۆر لە خوێنی شەهیدانی یەکێتی و هاونیشتیمانیانی خۆیان پێ باشترە".
لاهور شێخ جهنگی ئهوهشی خستۆتهڕوو، باشترە پارتی و شوێنکەوتەکانیان لەوە تێبگەن یادکردنەوەی خیانەتی ٣١ی ئاب، بۆ بیرهێنانەوە و دەرس وەرگرتنە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە ناکرێت و نابێت لە پێناو دەسەڵات و یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی هەرگیز پەنا بەرین بۆ دوژمنانی گەلەکەمان، چوونکە ئەوان دوژمنی گەل و خاکی کوردستانن و خۆیان مەڵاس داوە و هەمیشە باوەشیان کراوەیە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە ئامادەن گەلەکەمان بفرۆشن.
هاوسهرۆكی پێشووی یەکێتی له یادی 31 ئاب باس لهوهش دهكات، لە بیریشمان نەچێت ناوچەکە بەگۆرانکاری گەورەدا تێدەپەرێت و بێباک بوون بەرامبەر ئەوەی دەگوزەرێت مەترسی گەورە لەسەر هەرێمەکەمان و چارەنووسی میللەتەکەمان دروست دەکات.
ناوبراو دهڵێت "حەق وایە لە یادی ئەم خیانەتە گەورەیەدا بۆ جارێکیش بێت بەرژەوەندی میللەت بخەینە پێش بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و بنەماڵەوە، ئەگینا خیانەتکردن و نۆکەری بۆ بێگانە دەبێتە نەریت و بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەشەوە ناوەستێتەوە و بەردەوامی دەبێت، کە ئەوەش تەنها لە سوودی ئەو گەلەگورگانەیە کە بە دیارمانەوە وەستاون".
لهكۆتای ڕاگهیهندراوهكهیدا لاهور جەنگی دەڵێت: تکایە میللەت لەوە زیاتر نیگەران مەکەن، میللەتەکەمان ناچار مەکەن کە بۆ مانەوەی شکۆی خۆی و پاراستنی ئەوەی کە ماوە هەڵوێست وەربگرێت و بە یەکجاری بتانخاتەوە باوەشی گەلەگورگەکان، چونکە هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت لەبەردەم هێزی گەل خۆی ڕابگرێت.بە هیوای ئەوەی کە خیانەتکاران دەرسیان وەرگرتبێت لەو کارە قێزەونەی کە ئەنجامیان داوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment