بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "داعش بە یەکجارەکی لەناو نەبراوە، بەڵکوو لە کۆتایی ساڵی 2017دا تەنیا ئەمارەتێک بە ناوی داعش لەناو براوە، بەڵام وەکوو رێکخراوێکی چەکداریی تیرۆریستیی جیهانی هەر ماوە."
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا کە داعش لە کارەکانی بەردەوامە، بەڵام شێوازەکەی گۆڕیوە. لەوەی کە خاکێکی گەورەی بە دەستەوە بوو، بووەتە گرووپی بچووک بچووک و جارێکی دیکە دەستی بە کاری تیرۆریستی کردوەتەوە. لە ساڵی 2019دا تەنیا لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا 270 کردەی هەبووە، لە ساڵی 2020ـدا 260 کردەی هەبووە. لە ساڵی 2021ـیشدا لەم حەوت مانگەدا 134 کردەی جێبەجێ کردووە کە نزیکەی 555 کەس تێیاندا کوژراون و بریندار بوون و رفێندراون.
جەبار یاوەر گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێستا عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت، داعش هەوڵ دەدات دۆخی ناوچەکان تێکبدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بە شێوازێکی باش نەکرێت. لەبەر ئەوە دەبینین لەم مانگی تەممووزەدا کردەکانی زیاد بوون و جۆرەکانیشیانی گۆڕیوە، بە تایبەتی هەوڵی تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا و رفاندنی خەڵک دەدات."
ساڵی 2017 حکومەتی عێراق کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش و سەرکەوتن بەسەریدا راگەیاند و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی ئەو رێکخراوەدا بوون، کۆنترۆڵ کرانەوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئێستا هیچ ناوچەیێک لە دەستی داعشدا نییە، بەڵکوو کردەکانی بەهۆی بۆشایی تەناهی (ئەمنی)ـیەوەیە کە بوونەتە مۆڵگە بۆیان، بە تایبەتی لە هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی خانەقینەوە تاوەکو دەگاتە سحێلا کە بە پێنج پارێزگادا تێدەپەڕێت و درێژییەکەی نزیکەی 550 کیلۆمەترە. زیاتر مەترسییەکانیان لە ناوچەکانی خانەقین، دیالە، قەرەتەپە، ناوچەی نێوان خورماتوو و کفری، هەندێک ناوچەی کەرکووک و مەخمووردایە."
بڕیارە دوو لیوای هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بۆشایی تەناهی (ئەمنی)ـی نێوانیان پڕ بکرێتەوە و کردەی گرووپەکانی سەر بە داحش کۆنترۆڵ بکرێن.
جەبار یاوەر گوتی: "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی دوو لیوای هاوبەشی نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و پیشمەرگە دابمەزرێنین کە لەو ناوچانەدا بڵاویان بکەینەوە کە بۆشاییان تێدایە. ئێستا تەنیا کێشەی بودجەی ماوە کە حکومەتی عێراق بۆی دیاری بکات."
ئەو دوو لیوایەی بڕیارە دابمەزرێن هەر لیوایەکیان نزیکەی سێ هەزار و 500 کەسن کە بە هەردووکیانەوە نزیکەی حەوت هەزار کەسن. هەر لیوایەک لە چوار فەوج پێکهاتووە کە نیوەی لە پێشمەرگە دەبێت و نیوەکەی دیکەیشی لە سوپای عێراق و سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەبن. لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە پێداویستی و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment