بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە کۆبوونەوەکەدا ڕێبەری باڵای شۆڕشی راشیگەیاند، پێویستە سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکرێت و جەختیان کردەوە سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستان ئەمریکایە کە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو وڵاتەی داگیر کرد.
ئایەتوڵڵا خامنهیی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ئەفغانستان کرد و رایانگەیاند: "ئەمریکییەکان لە پرسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا زۆر بێشەرمانە مامەڵەیان کرد و بە بەرچاوی هەمووانەوە تاکلایەنە لە رێککەوتننامەکە کشانەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەوەی ئێران لە رێککەوتننامەکە کشابێتەوە کەوتنە داواکاری و مەرج دانان. بەم شێوەیەش گاڵتەیان بە دانوستانەکان کرد، وڵاتانی ئەورووپاش هاوشێوەی ئەمریکا رەفتاریان کرد".
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە دانوستانەکانی تایبەت بە چالاک کردنەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا هاوشێوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رەفتاری کردووە و وتیشیان "حکوومەتی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی پێشوو جیاوازی نییە. هەرچەندە بە رووکەش داواکارییەکانیان لە ئێران جیاوازە بەڵام لە راستیدا هەمان خواستی ترەمپیان هەیە".
ئایەتوڵڵا خامنەیی باسیان لەوە کرد کە ئەمریکا سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستانە و تەنانەت یەک هەنگاویشی بۆ گەشەپێدانی ئەفغانستان نەناوە، ئەگەر لە ئێستادا ئەفغانستان لە روانگەی گەشەپێدانەوە لە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا لەدواتر نەبێت، لە پێشتر نییە. ئەمریکا وای کرد لە ٢٠ ساڵی داگیرکاریدا بۆردومانی ئاهەنگ و پرسەکان، دەستگیرکردنی کەسانی بێتاوان و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر ١٠ هێندە زیاد بکات".
ڕێبەری باڵای ئێران ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە پشتیووانی لە گەلی ئەفغانستان دەکەین. حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن ئەوەی کە دەمێنێتەوە گەلی ئەو وڵاتەیە. بایەخی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتەکان پەیوەستە بە ئاستی پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ ئێمەدا."
لە کۆتایی وتەکانیاندا ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران نزای بۆ سەرکەوتنی گەلی ئێران و حکوومەتی نوێ کرد و ڕایگەیاند: هیوادارین بە پێبەند بوونتان بەوەی کە گوتووتانە خەڵک لە کێشە و گرفتەکان دەرباز بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment