کۆبوونەوەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و سەرۆک کۆماری عێراق/ به‌رهه‌م ساڵح بانگهێشتنامه‌یێکی فه‌رمیی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پێگه‌یشت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق، له‌ڕێگه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه‌، بانگهێشنامه‌یێکی فه‌رمیی سه‌رۆک کۆماری ئێرانی پێگه‌یشت تا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بکات.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق، به‌رھه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆشکی به‌غداد پێشوازیی کرد له‌ ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌و دیداره‌دا گفتوگۆکرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ و پێویستی پته‌و کردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌بواری جۆراوجۆره‌کان و کاراکردنی لێکتێگه‌یشتن و رێککه‌وتننامه‌کانی نێوان هه‌ردوولا له‌که‌رته‌کانی ئابووری و بره‌ودان به‌ بازرگانی.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا، به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌کانی عێراق ئامانج لێی ھێنانه‌دی ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، ھه‌روه‌ک چۆن ھه‌وڵێکه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌ ئاڵۆزی و بارگرژییه‌کان، عێراق کار ده‌کات به‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌وه‌ی ببێته‌ گۆڕه‌پانێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی په‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لانی ناوچه‌که‌.

سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد، کۆنگره‌ی به‌غدا بۆ ھه‌ماھه‌نگی و ھاوبه‌شی گۆڕانێکی گرنگه‌ بۆ ھێنانه‌کایه‌وه‌ی ھاریکاری جددی له‌رێگه‌ی دامه‌زراندنی چوارچێوه‌یێکی ھاوبه‌ش، تاوه‌کوو له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئاینده‌یێکی باشتر بۆ ناوچه‌که‌ دابین بکات.

ھه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح ئه‌وه‌شی خسته‌روو، دیالۆگ و گفتوگۆ و ھاریکاری گرنگه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ھه‌مو وڵاتان به‌یه‌که‌وه‌ روبه‌ڕوبوی ئه‌و ئاسته‌نگه‌ زۆرانه‌ ببێنه‌وه‌ که‌ روی له‌ ناوچه‌که‌ کردوه‌، به‌تایبه‌تی ریشه‌کێشکردنی تیرۆر و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستی و مه‌ترسییه‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا و پاراستنی ژینگه‌، ھاوکات جه‌ختیشیکرده‌وه‌ که‌ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سه‌روه‌ری عێراق بنه‌مایه‌کی گرنگی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌که‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بانگێشتنامه‌یێکی فه‌رمیی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆک کۆماری ئێرانی گه‌یانده‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ سه‌ردانی کردنی ئێران، ھاوکات پشتیوانی وڵاته‌که‌ی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دووپات کرده‌وه‌، ھه‌روه‌ھا به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌پێویستی پته‌و کردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانی نێوان ھه‌ردوو وڵات کرد و ھه‌واڵه‌ دبلۆماسییه‌کانی عێراقشی به‌رز نرخاند بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌کانی ناوچه‌که‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3217

Your Comment

You are replying to: .
captcha