کوردپرێس:
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: “ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق لەبارەی بە فەرمی كردنەوەی مەرزی سازان دەرچووە زۆر كارئاسانی بۆ ئەو هەوڵانەی ئێمە كردووە كە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجاممان دابوو بۆ كردنەوەی مەرزی سازان، چونكە لە ئێستادا سێ یاداشتی لێكتێگەیشتنمان هەیە بۆ كردنەوەی مەرزە كەو لایەنی ئێرانی بەهەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ كردنەوەی مەرزی سازان و داوایان لە ئێمە كرد بوو كە ڕەزامەندی حکوومەتی عێراق و هەرێم وەربگرین بۆ كردنەوەی ئەو مەرزە.”
ئاماژەی بەوەش كرد، “لە ئێستادا، كە حکوومەتی عێراقی ڕەزامەندی دەربڕیوە بە كردنەوەی مەرزی سازان، ئێمە لای خۆمانەوە جارێكی دیكە لەگەڵ لایەنی ئیرانی بە تایبەت پارێزگاری كرماشان كۆدەبینەوە و ئەوەیان پێڕادەگەیەنین كە حکوومەتی عێراق ڕەزامەندە بە كردنەوەی مەرزی سازان و ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕەزامەندی حکوومەتی ئێرانی بەدەست بهێنن كە ئەوە بۆ ئەوان زۆر ئاسانە و پێیان باشە مەرزكە بكرێتەوە.”
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی ڕوون كردەوە، “لەبارەی ئەنجامدانی ڕێگاسازی بۆ ئەو مەرزە لای خۆمانەوە پرۆپۆزەڵی پێویستمان ئاراستەی وەزارەتەكانی پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە كردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەڕێگەی پردی سازان و بە ئەنجامگەیاندنی ڕێگای مەرزی سازان بۆ هەڵەبجە بتوانین بە خێرایی دەستبكەین بە كردنەوەی مەرزەكە”.
Your Comment