کوردپرێس:
مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە 22ی ئابی 2021 لە پەیامێکدا باسی لەوەکردوە، "دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن، لێرەدا پێویستە هەمو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچونی لەسەرە، پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت".
بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، جیاوازییێكی زۆر لە نێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە، جیاوازییێكی زۆریش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە، پێشمەرگە زادەی مێژو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە، خاوەنی سەدان داستانی مێژویی و قارەمانێتییە، نمونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە.
مەسعوود بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەمو شوێنەكانی تر، شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەموشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین، ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبوبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچوەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر، هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات".
Your Comment