کوردپرێس:
زیاتر لەسێ ساڵ تێپهڕبوه بەسەر داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی لایەنگری ئەنکەرە، بهو هۆیهوه سەدان هەزار خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە ئاواره و دهربهدهر بوونه.
ئاژانسی "هاوار نیوز" لهزارى بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سووریا لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ ناوچەکانی خۆیان ڕایگەیاندووە، دەستەبەرکردنی کەشێکی یاساییی دادپەروەرانە بۆ ئەوەی هەموو ئەو ماڵو موڵکەی خەڵکی ڕەسەنی عەفرین کە دەستی بەسەردا گیراوە، مەرجێکی گرنگی تەواوکردنی گەڕانەوەیێکی سروشتی و سەلامەتانەی خەڵکە ئاوارەکەیە.
وتووشیەتی:"خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەرماڵو حاڵی خۆیان، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا لەوێ هەیە مەترسییە بۆ سەر ژیانی کەسە گەڕاوەکان، هێشتا ڕۆژانە هاووڵاتییانی کورد دەکوژرێن و دەڕفێنرێن".
لێدوانی ئەو بەرپرسە کوردەی کوردستانی سووریا دوای ئەوەدێت، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە گشتییەکانی سەر بەفیرقەی سوڵتان مورادی لایەنگری تورکیا ئاشکرایکردبوو، لەهەر خێزانێکی ئاوارەی کورد ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ عەفرین ئەوە دەستبەجێ ماڵەکەی خۆی ڕادەست دەکرێتەوە.
بەوتەی ئەو، هیچ پرۆسەیێکی تەعریب کردن لە عەفریندا ڕووی نەداوە و هێشتا ئەنجومەنی ناوخۆیی شارەکە کە لە15 ئەندام پێکدێت و لهو ژمارهیهش 13یان کوردن و ئەوە لەهەموو سێکتەرەکانی تریشدا هەروایە و پێکهاتەی کورد زۆرینەی شارەکەیە.
Your Comment