کوردپرێس:
بە بۆنەی 75 ساڵیادی دامەزراندنی پارتییەوە مەسرور بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، شانازییەکی گەورەی بەدیهاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانی بەر دەکەوێت.
لە پەیامەكەی مەسروور بارزانی،سەرۆكی حكوومەتی هەرێمدا هاتووە: دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لە پێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانیدا.
مەسروور بارزانی دەشڵێت: پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لە گەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ڕاستگۆ بووە، شانازییەکی گەورەی بەدیهاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانیش، بەر پارتی دەکەوێت کە قوربانییەکی زۆری لەم پێناوەدا داوە .
بێگومان كاروانی خەبات و تیكۆشانی پارتی، لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز بەردەوامە و هەموو هەوڵێکیش دەخاتەگەڕ، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵکی خۆڕاگری كوردستان
Your Comment