سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و باڵيۆزى ئه‌مريکا گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئەمریکا له‌ عێراق هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌يێکدا گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئەمریکا و و هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراق و ئاينده‌ى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، دوايين پێشهاته‌کانى شه‌رى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌کانى داعش تاوتوێ کران.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ ڕۆبێرت پاڵادينۆ کونسوڵى گشتيى ئەمریکا له‌ هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، جه‌خت له‌ گرنگيى به‌شداريى هه‌رێمى کوردستان له‌ گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئەمریکا، ڕێکخستنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و ئەمریکا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و گفتوگۆيه‌دا و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش کرايه‌وه.

نێچيرڤان بارزانى گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق و ئەمریکاى نه‌ک ته‌نيا له‌ڕووى سه‌ربازى و به‌رگرييه‌وه‌، له‌ڕووى کولتوورى، ئابوورى، په‌روه‌رده‌يى و بواره‌کانى‌ ديکه‌شه‌وه‌ بۆ يامه‌تيدان و هاوکاريى عێراق به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى ئەمریکا پابه‌نديى وڵاته‌که‌ى به به‌رده‌واميى پشتگيرى بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان و هاوکارى له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ دووپات کرده‌وه‌ و گوتى: ئەمریکا به‌ بايه‌خه‌وه‌ بۆ سه‌قامگيريى ناوچه‌که‌ له‌ عێراق ده‌ڕوانێت.

چۆنيه‌تى و گرنگيى جێبه‌جێ کردنى ڕێککه‌وتنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ ئاسايي کردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووريا، گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێکى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى کۆبوونه‌که‌ بوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3043

Your Comment

You are replying to: .
captcha