سەرۆکی یەکێتیی کوردانی قازاغستان کۆچی دواییی کرد

بەشی فەرهەنگ و هونەر- کەسایەتیی ئاکادیمی و کوردناسی بەرجەستەی قازاغستان دوکتۆر کنیاز ئیبراهیم میرزۆیف کۆچی دواییی کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 9ی ئابی 2021 بەرامبەر بە 18ی گەلاوێژی 1400 دوکتور کنیاز ئیبراهیم میرزۆیف کەسایەتیی ئاکادیمی و زانای کوردناس لە قازاغستان کۆچی دواییی کرد.

دکتۆر کنیاز ئیبراهیم میرزۆیف (١٩٤٧ – ٢٠٢١) زانای بەرجەستەی کورد، بەدرێژاییی ژیانی ڕۆلێکی مەزنی لە هۆشیارکردنەوەی کورد لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا گێڕاوە. لە دەستدانی ئەو زانا پڕ بەرهەمە، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هەموو کورد، و کەلێنێکی گەورەیە لە کار و چالاکیی فەرهەنگی کوردی لە ئاسیای ناوەڕاستدا.

سوداد ڕەسووڵ مامۆستای زانکۆ و نووسەری کوردی، لەبارەی کۆچی دواییی ئەو بلیمەتە کوردەوە لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: دوکتور کنیاز ئیبراهیم لەو دوور وڵاتییە، لێنەدەگەڕا کورد ناسنامە و زمانی خۆی لە دەست بدات. لە سەرانسەریی قازاغستان لە هەر شارێک کۆمەڵگەیێکی کورد هەبێت، لەوێ قوتابخانەی کوردی لێ کراوەتەوە، کنیاز میرۆزیف کتێبی دەرسی بۆیان ئامادە کردووە، و زارۆیانی کورد لەپاڵ خوێندن بە ڕووسی و قازاغی، بە کوردیش دەرس دەخوێنن.

کنیاز میرزۆیڤ سەرەڕای بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک کتێب و توێژینەوە لەبارەی زمان و مێژوو و ئەدەبی کوردی، هێشتا خەون و ئامانجی گەورەی هەبوو بۆ خزمەت بە گەلەکەی لە ئاسیای ناوەڕاستدا، بە داخەوە مەرگ مۆڵەتی نەدا و لەناکاو ئەستێرەیێکی گەش لە ئاسمانی کوردناسی بۆ یەکجاری کوژایەوە.

News Code 3036

Your Comment

You are replying to: .
captcha