بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆساید کردنی هاوڵاتیانی ئێزدی لە شنگال راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "ئەمرۆ حەفتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆ سەر خۆشک و برایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، كە بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە كران".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "جینۆسایدی ئێزدییان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕزگارکردنی شنگال بە ڕابەرایەتی مەسعوود بارزانی دەکەینەوە".
مەسروور بارزانی باسی لەوە کردووە، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێناو ئاوەدان کردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان".
مەسروور بارزانی دەڵێت: "هەروەها جەخت لە گرنگی جێبەجێ كردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆش کردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیێکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە، لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگایی كردنی تاوانبارانی داعش و هاوكارەکانیان و ئاشكرا كردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment