فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی باڵای یەکێتى دەرچوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەى فەرمانى دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە بۆ میران محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى دەرچوو هاوکات دادگا فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ گۆران بەرزان بەرپرسى دەزگای زانیارى لە سنوورى گەرمیان کرد.

کوردپرێس:

بەشێک لە میدیاکانى یەکێتی بڵاویان کردەوە، دوانیورۆی ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە هێزێکی ئەمنى چوونەتە سەر ماڵی هەریەکە لە میران محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى و گۆران بەرزان بەرپرسى دەزگای زانیارى لە سنوورى گەرمیان و دەستگیریان کردون.

بەپێی زانیارییەکان لەو کاتەی کە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی میران محەمەد ناوبراو لە ماڵەوە نەبووە، بۆیە بریارە خۆى بچێتە بەردەم پۆلیس لەسەر ئەو سکاڵایانەى لەسەرى تۆمار کراوە.

ئەو میدیایانە ئاماژەیان بەوەش کردووە لە رۆژانى داهاتوودا فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیێک بەرپرسى دیکەى یەکێتى دەردەچێت کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندیی کەسى و تایبەتى بەکارهێناوە.

شایانی باسە ڕۆژی پێنجشەمە 29ى 7ى 2021 دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەسلێمانی، بڕیاری دا بەدەستگیركردنی میران محەمەد عەباس بەڕێوەبەری گشتیی پێشوی تەندروستیی سلێمانی، بەپێی مادەی 15 لەیاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لەدۆسیەی گەندەڵی ‌و سپیكردنەوەی چەك ‌و خەرج كردنی چەكی بەڵێندەران كە شیاوی خەرج كردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، "كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لەقیمەتی خۆی كڕدراوەتەوە و دواتر بەنەقدی (نەختینە) خەرج كراوە، بەپشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو".

هەر بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا "بەپێی یاسا ئەم كارە بەتاوان هەژمار دەكرێت‌ و بەكارهێنانی دەسەڵات‌و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع).

لەلایێکى دیکەوە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ساڵێ ٢٠١٧ دۆسیەی (د.میران)م نارد بۆ داواکاری گشتیی سلێمانی و پەیوەندی بە خەرجکردنی چەکی بانکی بوو.

ئاماژەى بەوەشکردووە، زیاتر لە ١٠٨ دۆسیەی گەندەڵیی بۆ داواکاری گشتى ناردووە، بەڵام دەپرسێت ئایا ھەمووان دەستگیر دەکرێن یان تەنیا (د.میران)؟

News Code 2907

Your Comment

You are replying to: .
captcha