لاهور شێخ جەنگى تەنها دەسەڵاتی دارایی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دامەزراوەیێکی میدیایی نزیکە لە لاهور شێخ جەنگی بڵاوی کردەوە، لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکی یەکێتى تەنها دەستبەرداری دەسەڵاتی دارایی بووە و دەسەڵاتەکانی دیکەى وەک هاوسەرۆکی یەکێتى ماوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نووسراوێکدا بڵاوی کردەوە، "هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەداتە بافڵ تاڵەبانی تا کاتی تەواوبوونی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارەکەش لە رۆژی 15ی ئەم مانگە کە رۆژی دەرچوونیەتی چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە"، تۆڕی هەواڵی ژیان کە دامەزراوەیێکی میدیایی نزیکە لە لاهور شێخ جەنگی ڕۆژی شەممە لە زاری سەرچاوەیێکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاویکردەوە: "لە کۆبوونەوەکەی شەوی پێنجشەممەی هەردوو هاوسەرۆکدا لاهور شێخ جەنگی ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌ داراییه‌کانی‌ راده‌ستی‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ کردووه‌ و ئه‌گه‌رنا هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی‌ هاوسه‌رۆکی‌ ماوه‌‌".

ئاماژەی بەوەش کرد، "لاهور شێخ جه‌نگی‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی‌ هاوسه‌رۆکیی‌ هه‌یه‌ له ‌ئه‌نجامدانی‌ چالاکیی‌ حزبی ‌‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌کێتی‌، به‌ڵام جاران هه‌موو کاروبارێکی‌ دارایی ده‌بوو ئیمزای‌ هه‌ردوو هاوسه‌رۆکی‌ له‌سه‌ر بێت، ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نیا لای‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ ماوه‌ته‌وه‌".

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەکۆبوونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی داوای کردووە ئەو کەسەی کە "دەڵێن سیخور بووە با بیهێنن لە مەکتەبی سیاسی دان بەکارەیدا بنێت، به‌ڵام لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر وتوویانه‌ ئه‌و که‌سه‌ راستی‌ له‌گه‌ڵ نه‌کردوین، له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ له ‌میدیاکانی‌ یه‌کێتی‌ بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ و باسیان له ‌بوونی‌ سیخوڕ کردووه‌، سڕدراونه‌ته‌وه‌".

سەبارەت بە ژەهرخوارد کردنی بافڵ تاڵەبانی، "لاهور شێخ جەنگی داوای‌ له‌ مه‌کته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌کێتی‌ کردوه‌ لیژنه‌یێک پێکبهێنن ‌و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌کلایی بکرێته‌وه‌، چوونکه‌ ئه‌وه‌ی‌ وتراوه‌ هه‌مووی‌ بوختانه‌ و هیچ راستییێکی‌ تیا نییه‌ ".

لەکۆبونەوەکەی شەوی پێنجشەممەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاردرا گۆڕانکارییەکانی پۆستەکانی سەرۆکی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری جێگیر بکرێن، بەڵام هەتا هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی گۆڕانکاری تر نەکرێن و ئەو سەرچاویەش وتی: "هەموو گۆڕانکارییێکی لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتى پێویستى بە 101 دەنگی سەرکردایەتی هەیە و بۆیە پڕۆسەکە هەروا ئاسان نیە و کاتی زۆری دەوێت".

ئەوەش لە حاڵێکدایە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نوسراوێکدا کە بەرواری 15-7-2021 ی لەسەرە تیایدا هاتووە، هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی تێکڕای دەسەڵاتەکانی دەدات بە هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی، تا کاتی تەواوبوونی هەموارکردنەوەی پەیڕەو و ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجی دەکرێت" کە رۆژی 15-7-2021یە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2768

Your Comment

You are replying to: .
captcha