کوردپرێس:
جەعفەر محەمەدی، کوڕی کاکەبرا، لەدایکبووی ۱۳۴۵ لە گوندی زەلکەی مەریوان، ناسراو بە #جافر_زەلکەیی، هەر لە منداڵییەوە هۆگری مۆسیقا بووە و ئامێری شمشاڵ لە نێو بنەماڵە و لە سەر دەستی دوو برای لە خۆی گەورەتری فێر بووە.
لە ڕێگەی کاسێتەوە لە مامۆستای بێهاوتا قالەمەڕە و شمشاڵژەنی بەتوانای مەریوان حەمە وەستای کانیسانان کەڵکی وەرگرتووە و جاروباریش لەم ژەنیارانەی شمشاڵ لە ناوچەی مەریواندا ڕێنموونی پێویستی وەرگرتووە: ئەحمەد زەلکەیی (ئەحا خازێ)، محەمەد پیرسەفایی (حەمە خاولی)، فایەق نژماری، مستەفا سێفی، عەبدوڵا کانیسانانی، مەحموود کاڵی.
ساڵی ۱۳٦۲ بە فەرمی ژیانی هونەری دەست پێدەکات و بۆ یەکەم جار لە زەماوەندا شمشاڵ دەژەنێ و لە ماوەیەکی کورتدا ناوبانگ دەردەکات و دێ بە دێ و ناوچە بە ناوچە خەڵک یان گۆرانیوێژەکان لە بۆنەکاندا دەچن بە شوێنیدا و بەردەنگی خۆی پەیدا دەکات.
ئەگەرچی مامۆستا جافر و کاک عومەر کارێزی (گۆرانیوێژ) پێکەوە تیپێکی هاوبەشی مۆسیقایان هەیە؛ لەگەڵ زۆربەی نزیک بە هەموو گۆرانیوەژەکانی مەریوان و هەورامانیشدا کاری کردووە، لەوانە: عوسمان هەورامی، حەمەحسەین کەییمنەیی، سەباح هەورامی، عەینەدین، حەمە مەلا، حەمەومین خواشتی، ئەبووبەکر ئەسکۆڵی و...
لەگەڵ تیپی هەڵپەڕکێی دوانزەسوارەی مەریوان یان لەگەڵ گۆرانیوێژەکاندا لە چەندین فستیواڵی هونەری لە هەر دوو دیوی کوردستان و ناوخۆی ئێراندا بەشداری کردووە.
وێڕای شمشاڵ، ئامێرەکانی زوڕنا و دووزەلە و باڵەبان/یش دەژەنێت و سەرەڕای دانانی چەند ئاهەنگ، شمشاڵی بۆ زیاتر لە چوارسەد گۆرانی سۆرانی و هەورامی لێداوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە شمشاڵژەنەکانی پێش لە مامۆستا جافر تەنیا لە چەند ئاهەنگێکی کەمدا شارەزاییان بووە.
بە هۆی کەمدەستی و بێدەرەتانی بنەماڵە و ڕووداوەکانی ناوچە، مەجالی درێژەپێدانی خوێندنی نەبووە لە قۆناغی ناوەندیدا دەستی لە قوتابخانە کێشاوە.
ساڵی ۱۳۷۲ ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
ژەنیاری و چالاکی هونەری نەیتوانیوە بژێوی ژیانی دابین بکات و لەگەڵ ئەوەی کە هیچکات دانەبڕاوە لێی؛ شوانی، جووتیاری، کرێکاری، بەنایی، کاری مەرز و هتدی کردووە و لە کۆتایی ژیانیشیدا شۆفیریی تاکسیی دەکرد و نزیکەو بیست ساڵێک بوو دانیشتووی شارۆچکەی کانیدینار بوو.
به داخه وه ئه م گه وره پیاوه ۲۳ . ۴ .۱۴۰۰ له جاده مریوان سنه به هوی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی له دەست دا.
مردنی کاک جافر کوسپێکی گه ورەیه بۆ هەموو هونەرمەندانی کوردستان. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار مامۆستا جافر و هۆگران و کۆمەڵگەی هونەریی کوردستان و سەرجەم هاووڵاتییانی کورد دەکات.
Your Comment