هەواڵەکان باس لە سەردانی عەبادی بۆ ئێران و تورکیا دەکەن و ئێرانیش دەڵێت ئاگاداری سەردانەکە نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرچاوەیێک وتوویەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا و ئێران دەکات ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسی ئابووری و پێکهێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وتوویەتی لەبارەی سەردانی عەبادییەوە ئاگادار نەکراونەتەوە

کوردپرێس:

تۆڕی میدیاییی ڕووداو نووسیویەتی بەرپرسێکی باڵای عێراقی رایگەیاند، حەیدەر عەبادی رۆژی سێشەممە 14-8-2018 دەچێتە تورکیا و رۆژی چوارشەممە 15-8-2018 سەردانی ئێران دەکات، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە.

سەردانەکەی عەبادی هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆی لایەنەکانی عێراق و کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئێران و تورکیاش رۆڵیان لە پێکهێنانی حکوومەتدا لە عێراق هەیە.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی فارس لەزاری سەرچاوەیێكی ئاگاداری وڵاتەكەیەوە بڵاوی كردەوە كە "لە ئێستادا ئەو سەردانە لە ئەجێندادا نییە".

ئەم رەتكردنەوەیەی تاران دوای ئەوەهات میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە عەبادی بەم نزیكانە سەردانی ئەنقەرە و تاران دەكات و بەرپرسێكی سیاسیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە دەچێتە توركیا و رۆژی چوارشەممەش سەردانی ئێران دەكات بۆ تاووتوێكردنی چەند پرسێكی ئابووری لەگەڵ هەردوو وڵاتدا.

ئێران و تورکیا بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە بەهای دراوەکانیان دابەزیوە و دۆخی ئابوورییان باش نییە. عێراقیش لە قۆناخی دوای داعش هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان و بووژانەوەی ئابوورییەکەی دەدات.

ئیدارەی ترەمپ چەندین سزای ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و داوا لە وڵاتانیش دەکات پابەندی سەپاندندنی گەمارۆکان بن لە نێویاندا عێراق و تورکیا، لە سەردانەکەی عەبادیش بۆ هەر دوو وڵاتەکە ئەو پرسانە تاوتوێ دەکرێن.

پێشتریش حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو گەمارۆکانی سەر ئێران بە ڕەوا نازانن بەڵام لە بەر بەرژەوەندیی گەلی عێراق پێوەی پابەند دەبن و بەو مەبەستەش بانکی ناوەندیی عێراق فەرمانی بە بانکەکانی ئەو وڵاتە کردبوو کە بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ بانکە ئێرانییەکان نەکەن.

News Code 27274

Your Comment

You are replying to: .
captcha