ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان پەردەپۆشیی ساختەکارییەکان بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمڕۆ شەممە ١١-٨-٢٠١٨، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوار لایەنەکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیان:د لە دادگای فیدراڵی تانە لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن دەدەن سەبارەت بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی.

سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار پاش ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان، چوار لایەنەکە ڕایانگەیاندووە، "لێرەوە جارێکی تر رایدەگەیێنین کە ئەم دەرئەنجامانە رەت دەکەینەوە و پێداگری لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوومان دەکەینەوە و رێکاری یاسایی و سیاسی پێویست دەگیرنە بەر لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانمان".

چوار لایەنەکە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوول جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردوەتەوە و داوا دەکەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران پاک بکاتەوە.

راگەیەندراوی هاوبەشی چوار لایەنەکە بە شێوەیە:

دوای راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی کۆمسیۆن لە هەژمارکردنەوەی بەشێکی زۆر کەم لە سندووقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە لاڕێدابردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەژمارکردنەوەی گشتی سندوقەکانی دەنگدان.

ئەوەی ڕوون ئاشکرا بوو، ئەم هەژمارکردنە بۆ پەردەپۆش کردن تێپەڕاندنی ئەو ساختەکارییە گەورەیە بوو کە ئەنجام درا. لێرەوە جارێکی تر رایدەگەیێنین کە ئەم دەرئەنجامانە ڕەت دەکەینەوە و پێداگری لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوومان دەکەینەوە و رێکاری یاسایی و سیاسی پێویست دەگیرنە بەر لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانمان.

سەرەڕای ئەم ستەمە سیاسییە گەورەیە بەرامبەر بە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتیان، لە سۆنگەی هەست کردنمان بە بەرپرسیارێتی ئێستا و ئایندەی گەلەکەمان و هەستیاری بارودۆخەکە جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی دیالۆگێکی نیشتیمانی و بەرپرسیارانە لە کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی بۆ قەیران و گرفتەکانی ئەم دۆخە سیاسییە و دەربازکردنی کوردستان لەم بارودۆخە نالەبار و چەقبەستووە و پتەو کردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی لەسەر بنەمای سازان و هاوسەنگی سیاسی شەراکەتی راستەقینە و ڕەچاو کردنی ئەگەرەکانی بەردەم دۆخی سیاسی عێراق ناوچەکە و رێگری لە پشێوی و ناتەبایی و ئاڵۆزی زیاتر.

لەهەمان کاتدا داوادەکەین کە کاری جدی بکرێت لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستاندا، کە دڵنیایی بداتە هاووڵاتیان ولایەنە سیاسییەکان ئەمەش بە پاک کردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاکسازی لە ڕێکار و یاساکانی کۆمسیۆن کە کات و زەمینەی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری فەراهەم بکات و ببێتە مایەی پتەو کردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی.

هەروەها ئەم چوار لایەنە هاوڕابوون لەسەر یەکهەڵوێستیان لە بەغدا و هەنگاوی هاوبەشی زیاتر لە پێناو پارساتنی مافە دەستووری ونەتەوەییەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 27273

Your Comment

You are replying to: .
captcha