توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كڕینی گازی سروشتی له‌ ئێران

به‌شی تورکیا- فاتیح دونمه‌ز ڕای‌گه‌یاند که‌ تورکیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ کڕینی گازی سروشتی له‌ ئێران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانی تورکیا له‌ میانی به‌شداری كردن له‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆی كه‌ناڵی A Haberدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌.

فاتیح دونمه‌ز به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ بازرگانی وزه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ڕه‌وایه‌ وتی: "ساڵانه‌ نزیكه‌ی نۆ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن مه‌تری سێجا گازی سروشتی (له‌ ئێران) ده‌كڕین. به‌پێی ئه‌وه‌ی خستنه‌ سه‌رما و بێ كاره‌با بوونی هاووڵاتییان له‌ئارادا نییه‌، پشت به‌ستن به‌ حوكمه‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌ ئه‌م بازرگانییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت."

ناوبراو ده‌سته‌به‌ركردنی داواكاری وزه‌ی به‌ ئێجگار گرنگ له ‌قه‌ڵه‌م دا و تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییێكی له‌ مێژینه‌ی بازرگانیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌ تایبه‌ت له‌ بواری هاورده‌كردنی نه‌وت و گازی سروشتیدا.

فاتیح دونمه‌ز ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ هاورده‌كردنی گازی سروشتییان له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌پێی گرێبه‌ستی قۆناغی دوورمه‌ودا ئه‌نجام داوه‌ و گوتی: "ماوه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ تاكوو ٢٠٢٦ه‌ و به‌رده‌وام ده‌بن."

فاتیح دۆنمه‌ز سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا كه‌ سزاكان تاكلایه‌نه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌ سه‌ر ئێراندا سه‌پێندراون و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا زۆر له‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌ و گوتی: "ئێمه‌ بازرگانییێكی ره‌وا ئه‌نجام ده‌ده‌ین. ده‌سته‌به‌ركردنی داواكاری وزه‌ ئێجگار گرنگه‌، هه‌روه‌ها ئه‌رک و مافی هاوسێیه‌تیشمان له‌سه‌ر شانه‌، چه‌ندین ساڵه‌ پێكه‌وه‌ بازرگانی ده‌كه‌ین، پێموایه‌ پێویسته‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت."

وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا به‌ بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ ئێستا شاندێكی توركیا له‌ ئه‌مریكایه‌ و گوتی: "له‌ باره‌ی ژماره‌یێک ته‌وه‌ر به‌ سزاكانیشه‌وه‌ دانووستان ده‌كرێت، هیوام به‌و گفتوگۆیانه‌ هه‌یه‌ ئه‌نجامێكی باشیان لێبكه‌وێته‌وه‌."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27213

Your Comment

You are replying to: .
captcha