ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌كارییه‌كانی داڕشتنی پڕۆژه‌بودجه‌ی ساڵی 2019ی تاوتوێ كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ڕای‌گه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دواسه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق كراوه‌ و هه‌روه‌ها ئاماده‌كارییه‌كانی داڕشتنی پڕۆژه‌بودجه‌ی ساڵی داراییی 2019یان تاوتوێ كردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 7ی ئابی 2018 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانی ڕای‌گه‌یاندوووه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بادی ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كانی نێوان هه‌ولێر- كه‌ركووک و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستان بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووک گفتوگۆیان كردوووه.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ڤیتۆی له‌سه‌ر كه‌س نییه‌ و ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌ به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ته‌ كه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بێت، به‌ ئاڕاسته‌ی به‌رجه‌سته‌كردنی ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی هه‌ردوولا.

هاوكات مه‌حموود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رباره‌ی دواپێشهاته‌كانی بابه‌تی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی داعش دژ به‌ ئێزدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی دیكه‌ و دوابڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان ژماره‌ (٢٣٧٩) سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش ڕاپۆرتێكیان پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی به‌رز نرخاند و به‌ هه‌نگاوێكی گرنگی زانی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی دۆسیه‌ی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی داعش دژ به‌ ئێزدی و مه‌سیحی و هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی دیكه‌ و هه‌روه‌ها لیژنه‌ی باڵای به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی داعشی ڕاسپارد هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی لیژنه‌كه‌ی ڕاسپارد هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا كۆ كراونه‌ته‌وه‌ بخرێنه‌ به‌رده‌ست تیمه‌كه‌ به‌ ئامانجی به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و جینۆساید بۆ ئه‌وه‌ی قوربانیانی ئێزدی و مه‌سیحی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی دیكه‌ له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیان سوودمه‌ند بن و داوا له‌ حكوومه‌تی عێراقیش كرا ڕه‌چاوی هاوبه‌شی پێكردنی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت له‌ دادوه‌ر و یاساناس و شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ له‌ كاتی جێبه‌جێ كردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوونی سیاسه‌تی خۆی سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی ماف و ئازادییه‌ ئایینییه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ بنچینه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤن و باوه‌ڕیشی وایه‌ هه‌ر هاووڵاتییێک مافی پارێزراوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی باوه‌ڕی ئایینیی خۆی، هه‌رێمی كوردستان هه‌مه‌ڕه‌نگێكه‌ له‌ پێكهاته‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییی جیاواز و هێزیشی له‌و هه‌مه‌ڕه‌نگییه‌دایه‌ بۆیه‌ حكوومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ک شوێنێكی ئارام بۆ كۆمه‌ڵگا.

له‌ بڕگه‌ی دووهه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێكی سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ داڕشتنی پرۆژه‌بودجه‌ی ساڵی 2019 پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌ دوای ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ به‌ هۆی قه‌یرانی دارایییه‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئه‌ماده‌ نه‌كراوه‌ و باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ش كرد كه‌ بۆ خه‌مڵاندنی داهاته‌ گشتییه‌كان و خه‌رجییه‌كان ناویه‌تی و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كردوووه‌ که‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پشتگیریی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كرد و داوای له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان كرد له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و وه‌زاره‌تی پلاندانان بكه‌ن.

له‌ بڕگه‌یێكی دیكه‌ی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشنیاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری په‌سه‌ند كرد سه‌باره‌ت به‌ لێخۆشبوون له‌ سوود و سزاكانی دواكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی قه‌رزاری پێدانی كرێ و به‌ده‌لی موڵک و ماڵی ده‌وڵه‌تن به‌ مه‌رجێک له‌ ماوه‌ی (90) ڕۆژ كاردا ته‌واو بكرێ و به‌ده‌لی ساڵانی پێشوویان بده‌ن به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27182

Your Comment

You are replying to: .
captcha