ساڵح موسلیم: کورد هێڵێکی سووری بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق نییه‌

به‌شی جیهان- سه‌رۆکی پێشووی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) ده‌ڵێت: کورد هێڵێکی سووری بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق نییه‌ به‌ڵام هێزی خۆپارێز، لامه‌رکه‌زییه‌ت، فه‌رهه‌نگ، زمان و ڕاهێنان به‌شێک له‌ پڕۆژه‌ی ئێمه‌ بۆ سووریایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌فته‌ی ڕابردوو کورد له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا سه‌ردانی دیمه‌شقی کرد بۆ ئه‌وه‌ی پاش تێپه‌ڕبوونی 7 ساڵ له‌ قه‌یرانی سووریا له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وڵاته‌ به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کان گفتوگۆ بکه‌ن.

ساڵح موسلیم سه‌رکرده‌ی پێشووی حیزبی PYD خولی یه‌که‌می دانووستانی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریای هه‌ڵسه‌نگاند و به‌ ئه‌لمانیتۆری وت: هیچ یه‌ک له‌ دوو لایه‌ن پێش مه‌رجێکیان له‌و دانووستانانه‌ نه‌بوو. دوو لایه‌ن زیاتر به‌ مه‌به‌ستی ئاشنا بوون له‌گه‌ڵ یه‌کتر، خه‌مڵاندنی بیر و بۆچوونی لایه‌نی به‌رانبه‌ر و دروست بوونی متمانه‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو لا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دانیشتن و له‌و دانیشتنه‌دا پرسه‌ گرینگه‌کان نه‌خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و دوو لایه‌ن بڕیاریان دا که‌ لیژنه‌گه‌لێک پێکبهێنرێت به‌ڵام هێشتاکه‌ کات و شوێنی خولی دووهه‌می دانووستانه‌کان دیار نییه‌.

ساڵح موسلیم گوتی: خولی یه‌که‌می دانووستانی نێوان لیژنه‌کان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک و بنه‌مای 107ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی سووریایه‌.

ناوبراو جه‌ختی کرد: به‌و شێوه‌یه‌ که‌ باس کراوه‌ ده‌وڵه‌ت 12 داواکاری له‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر نه‌بوووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی حه‌سه‌که‌، ڕه‌قه‌ و ده‌یره‌زووریش قسه‌ نه‌کراوه‌ چوونکه‌ ئێستاکه‌ دوو لایه‌ن متمانه‌یان به‌ یه‌کتر نییه‌. خولی یه‌که‌می دانووستانه‌کان به‌ مه‌به‌ستی پیشاندانی نیازپاکی و ڕاستگۆیی بوووه‌.

ساڵح موسلیم له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتیکی سووریا پێکهاتوو له‌ کورد و عه‌ره‌ب بۆ دانووستانی دیمه‌شق له‌گه‌ڵ کورد ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێمه‌ پڕۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکراتیکی لامه‌رکه‌زیمان ئاماده‌ کردوووه‌ که‌ ده‌مانه‌وێت له‌ تێکڕای سووریا جێبه‌جێ بکرێت.

هاوسه‌رۆکی پێشووی YPG له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری قبووڵ‌کردنی پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی کورد و عه‌ره‌بی باکووری سووریا له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه‌ ده‌ڵێت: کات ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ ئێمه‌ ئاشکرا ده‌کات. ئێستاکه‌ هه‌ر لایه‌نێک ده‌یه‌وێت به‌ زه‌بری چه‌که‌وه‌ براوه‌ بێت. ئه‌گه‌ر پرسیار له‌ من بکه‌ن هزر و زه‌ینییه‌تی "ده‌وڵه‌تی سووریا" نه‌گۆڕاوه‌. ئێمه‌ نازانین که‌ چ شتێک ڕووی داوه‌ که‌ ئه‌وان بانگهێشتی ئێمه‌یان کرد بۆ دانووستان. ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ که‌ شتێکی وا ڕوو ده‌دات. ئێمه‌ به‌ خۆپارێزییه‌وه‌ به‌ره‌وپێش ده‌چین و ته‌نانه‌ت ناشزانین که‌ ئایا ئه‌گه‌ری دروست بوونی متمانه‌ له‌ نێوان دوو لایه‌ن هه‌یه‌ یان نا. مومکینه‌ دانووستانه‌کان سه‌رکه‌وتوووانه‌ بێت یان شکست بخوات که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌ستراوه ‌به‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ره‌وه‌.

ساڵح موسلیم جه‌ختی کرده‌وه‌: کورده‌کان هێڵێکی سووریان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق نییه‌ به‌ڵکوو "ئێمه‌ سیسته‌مێکمان هه‌یه‌. هێزی خۆپارێز، لامه‌رکه‌زییه‌ت، فه‌رهه‌نگ، زمان و ڕاهێنان به‌شێک له‌ پڕۆژه‌ی ئێمه‌یه‌" به‌ڵام لایه‌نی به‌رانبه‌ر نه‌رمی نانوێنێت و هه‌ڵوێستی هه‌یه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ چ کاتێک دانووستانه‌کان به‌ ئه‌نجام ده‌گات ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ هیچ که‌س نازانێت. مومکینه‌ شه‌ش مانگ، یه‌ک ساڵ یان دوو ساڵ دانووستانه‌کان درێژه‌ی هه‌بێت. لامه‌رکه‌زییه‌ت ده‌توانێت قۆناغ به‌ قۆناغ جێبه‌جێ بکرێت.

ده‌وترێت که‌ ڕووسیا یان مه‌کگۆرک نوێنه‌ری سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌ هاوپه‌یمانیی دژه‌داعش له‌باره‌ی دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق هه‌ندێک پێشنیاری به‌ کورده‌کان داوه‌ و ساڵح موسلیم له‌وباره‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ بۆ ڕۆیشتن به‌ره‌و دیمه‌شق ئیزن له‌ که‌سێک وه‌رناگرین. ئاشکرایه‌ که‌ ڕووسیا و ئه‌مریکا دانووستانی کورد و دیمه‌شق به‌ لایانه‌وه‌ گرینگه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ گۆڕانکارییه‌کان پێوشوێنگری ده‌که‌ن به‌ڵام ئێمه‌ین که‌ بڕیار له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسییه‌کان ده‌ده‌ین. ڕه‌نگه‌ ئه‌وان پرسیار له‌ ئێمه‌ بکه‌ن که‌ چ ڕووی دا و مومکینه‌ له‌م دانووستانانه‌ له‌سه‌ر هه‌ر شتێک له‌وان خزمه‌تگوزاریی گشتی، نووسینگه‌ و... گفتوگۆ بکرێت.

ناوبراو ڕۆڵی تورکیا له‌ گۆڕانکارییه‌کانی سووریا به‌ خراپ وه‌سف ده‌کات و ده‌شڵێت: تورکیا نایه‌وێت قه‌یران له‌ سووریا چاره‌سه‌ر بکرێت. قه‌یرانی سووریا له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ سه‌ری هه‌ڵدا هه‌ر بۆیه‌ ئاشته‌واییی ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق به‌ دوای ئه‌م ده‌ورگێڕانه‌ خراپه‌ مومکین نییه‌.

سه‌رکرده‌ی پێشووی PYD ڕاشی‌گه‌یاند: ئێمه‌ ته‌نها له‌باره‌ی پرسی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ دیمه‌شق دانووستان ناکه‌ین به‌ڵکوو له‌باره‌ی باکووری سووریاش دانووستان ده‌که‌ین به‌ڵام نازانین که‌ هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی سووریا چ ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27144

Your Comment

You are replying to: .
captcha