به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 5ی 8ی 2018 له ڕێوڕه‌سمێكدا له شاری سلێمانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی له شاری سلێمانی كرده‌وه به ناوی (نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید شێركۆی حاجی ڕه‌زا).
د. شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه له كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد: "ئه‌ركی بیناكه له‌لایه‌ن ژماره‌یێک خێرخوازه‌وه گیراوه‌ته ئه‌ستۆ و ئه‌ركی پڕكردنه‌وه‌شی له ڕووی پزیشكی و كارمه‌ند و ئامێره‌وه، ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه به هاوكاریی ڕێكخراوی UNHCR و ڕێكخراوێكی دیكه جێبه‌جێ كراوه".
ناوبراو ئاشكراشی كرد: "ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه ده‌بێته یه‌كێک له گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌كانی فریاكه‌وتن له‌سه‌ر ئاستی عێراق چوونكه 40 ته‌خت له‌خۆ ده‌گرێت و نه‌خۆشخانه‌كه‌ش سه‌ر به ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌یه".
د. شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر وتیشی: "پێشتریش ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بیرمان له‌وه كردبوووه‌وه كه ڕۆژهه‌ڵاتی سلێمانیش پێویستی به نه‌خۆشخانه‌یێكی فریاكه‌وتن هه‌یه، وه‌كوو چۆن له هه‌ولێر ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هه‌بوو به‌ڵام سلێمانی ته‌نها یه‌ک فریاكه‌وتنی هه‌بوو، خۆشبه‌ختانه ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌ری گرت و نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی شه‌هید شێركۆی حاجی ڕه‌زا كرایه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش وتی: "له سێ مانگی ڕابردوودا تێستی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كرد و زیاتر له 60 هه‌زار نه‌خۆشمان تێدا چاره‌سه‌ر كردوووه و ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 5ی ئاب به فه‌رمیی كرایه‌وه".
د.شه‌ماڵ داوای له خێرخوازان كرد هاوكاریان بن له دابین كردنی پێداویستییه پزیشكیه‌كاندا و وه‌كوو خۆی وتی: "له یه‌ک ساڵدا ملیۆنێک 40 هه‌زار نه‌خۆش ڕووی له نه‌خۆشخانه‌كانی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه كردوووه و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه، ئه‌مه‌ش بارگرانییه و پێویستمان به هاوكاریی خێرخوازان هه‌یه".
ناوبراو له‌باره‌ی دامه‌زراندنیش بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه نوێیه جه‌ختی كرده‌وه: "ژماره‌یێکی زۆر كارمه‌ندی خۆبه‌خش له چوارچێوه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌دا خزمه‌ت ده‌كه‌ن و دانه‌مه‌زراون".
سه‌رچاوه: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment