بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە پەیامێكدا بۆ یادی چوار ساڵەی داگیركردنی شەنگال لە لایەن داعش و كۆمەڵكوژیی ئێزدیەكان لەو شارە و دەوروبەری رایگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە پاراستنی ئێزدییان و هاوكاری كردنی زیاتری ئاوارەكانی دەڤەری شنگال، هەروەها نووسینگەی تایبەتیمان بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوان كە تا ئێستا نیوەیان ڕزگار كراون و تا ڕزگاركردنی هەموو خوشک و برا ئێزدییە ڕفێندراوەكانمان ناوەستین. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باش كردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال دەدات كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین.
ناوبراو راشیگەیاند: بە پێویستی دەزانین حكوومەتی فیدرالیی عێراق دەستبكات بە ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و دابین كردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیێكی ئاسایی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment