ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: گرووپێکی داعش دەستگیر کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- "هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گرووپە ئیسماعیل نەجمەدین ئیسماعیل، ناسراو بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بووە"

کوردپرێس:

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی گرووپێکی سەر بە داعش رادەگەیێنێت کە دەستیان لە هێرشەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر هەبووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پیلاندانەر و جێبەجێکارانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە پێنج ئەندامی سەرەکی پێکهاتوون کە بریتین لە عەبدولڕەحمان رەحیم قادر، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان، رەهێڵ محەممەد رۆستەم ناسراو بە عەلی، محەممەد جەبار و محەممەد شێرزاد.

بەپێی دانپێدانانەکانیان کە لەگەڵ ئەم راگەیێندراوە بڵاو دەکرێتەوە، هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گرووپە ئیسماعیل نەجمەدین ئیسماعیل، ناسراو بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بووە کە لە ساڵی 2014-ەوە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و دووجار بەیعەتی داوە. تۆماریی دەنگی بۆ سەرکردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەر کارێک دەربڕیوە. هەروەها زانیاریی سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە داوەتە داعش.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەروەها رایدەگەیێنێت: "دوایین کاری تیرۆریست ئیسماعیل سووسەیی، دابینکردنی چەک و پارە و پێداویستیی بووە بۆ گرووپی ئەنجامدەری کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بەڵام ئیسماعیل سووسەیی لە رێکەوتی 3-7-2018 بەبڕیاری دادوەر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، بە بەڵگەی داعشبوونی دەستگیرکرا و دەست بە سەر چەک و جبەخانەکەیدا گیرا".

ده‌قی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

دوای پەلامارە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لە رێکەوتی 23/7/2018 دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەرسێ تیرۆریستی هێرشبەر کوژران، تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و سەرئەنجام ئەندامانی تری گروپەکە دەستگیرکران.

پیلاندانەر و جێبەجێکارانی ئەم گروپە تیرۆریستیە لە پێنج ئەندامی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە (عبدالرحمن رحیم قادر، بلال سلیمان عبدالرحمن، رەهێل محمد روستم ناسراو بە علی، محمد جبار و محمد شیرزاد).

بەپێی دانپێدانانەکانیان کە لەگەڵ ئەم راگەیاندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گروپە (اسماعیل نجم الدین اسماعیل) ناسراو بە "مەلا ئیسماعیل سوسەیی" بووە کە لە ساڵی 2014ــەوە پەیوەندی کردووە بە داعشەوە و دووجار بەیعەتی داوە، تۆماری دەنگی بۆ سەرکردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو کارێک دەربڕیووە، هەروەها زانیاری سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە داوەتە داعش. دوایین کاری تیرۆریست (ئیسماعیل سوسەیی) دابینکردنی چەک و پارە و پێداویستی بووە بۆ گروپی ئەنجامدەری کردە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بەڵام ئیسماعیل سوسەیی لە رێکەوتی 3/7/2018 بە بڕیاری دادوەر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، بە بەڵگەی داعشبوونی دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەک و جبەخانەکەیدا گیرا.

ئەم گروپە لە رێگەی چەند کەسێکی توندڕەوەوە و لەژێر پەردەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، پەرەیان بە بیری توندڕۆیی داوە، پیلانی کردەی تیرۆریستیان داناوە. یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە تیرۆریست (محمد شیرزاد)ــە و لە 2015 بە بەڵگەی داعشبوونی بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕیاری دادگا حوکم دراوە، بەڵام دوای ئازادبوونی دووبارە پەیوەندی بە داعشەوە کردوەتەوە و لەو کردە تیرۆریستیەدا بەشدار بووە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی پارێزگا و برینداربوونی چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان.

سوپاسی هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، لە هاوکاری بەردەوامیان بۆ دەزگا ئەمنیەکان، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە، دەزگاکانمان بەردەوام دەبن لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان، بۆ سەلامەتی و پارێزراوی سەر و ماڵی هاوڵاتیان.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 27044

Your Comment

You are replying to: .
captcha