په‌یامی مه‌سعوود بارزانى بۆ كۆچه‌ر بيركار: من یه‌کێکم له‌و چل ملیۆن کورده‌ی زۆر به‌و سه‌رکه‌وتنه‌تان خۆشحاڵم

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانى له‌ په‌يامێكدا پيرۆزبايى له‌ به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى فێڵدز له‌لايه‌ن زاناى كورد كۆچه‌ر بيركار كرد و ڕای‌گه‌یاند: من یه‌کێکم له‌و چل ملیۆن کورده‌ی زۆر به‌و سه‌رکه‌وتنه‌تان خۆشحاڵم و شانازییت پێوه‌ ده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنی زیاترت بۆ ده‌خوازم.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ په‌يامه‌كه‌ى مه‌سعوود بارزانیدا هاتوووه‌: "به‌ خۆشحاڵییێکی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌م بیست که‌ به‌ڕێزتان له‌ بوارێکی گرینگ و زه‌حمه‌تی زانستیی وه‌ک بیرکاریدا وه‌ده‌ستتان هێناوه‌."

له‌و په‌یامه‌دا هاتوووه‌: "بێگومان ئاواته‌که‌تان هاته‌دی و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌تان دڵی هه‌موو گه‌لی کورد خۆش ده‌کات و من یه‌کێکم له‌و چل ملیۆن کورده‌ی زۆر به‌و سه‌رکه‌وتنه‌تان خۆشحاڵم و شانازییت پێوه‌ ده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنی زیاترت بۆ ده‌خوازم."

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌ مه‌سعوود بارزانی دووپاتی كردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ "زۆر جێگای خۆشحاڵییه‌ که‌ گه‌نجی کورد ده‌توانێت له ‌بواری زانستیدا پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ زانایانی جیهان بکات و خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت. هیوادارم کاکه‌ کۆچه‌ر ببێته‌ سه‌رمه‌شق و نموونه‌ی باڵا بۆ گه‌نجانمان و هه‌وڵ بده‌ن وه‌ک کاکه‌ کۆچه‌ر به‌ سه‌رکه‌وتن له‌ بواری خوێندن و زانستدا ناوی گه‌له‌که‌تان به‌رز ڕابگرن."

پرۆفیسۆر فه‌ره‌یدوون دره‌خشانی ناسراو به‌ (کۆچه‌ر بیرکار) خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان و دانیشتووی بریتانیا بوو به‌ براوه‌ی ئه‌مساڵی خه‌ڵاتی فێڵدز بۆ بیرکاری که‌ به‌ناوبانگرین خه‌ڵاتی بیرکارییه‌ له‌ ئاستی جیهاندا و وه‌ک نۆبڵی بیرکاری ناسراوه‌.

کۆچه‌ر بیرکار که‌ ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌ له‌ ساڵی 2000‌وه‌ وه‌ک په‌نابه‌ر ڕووی كردوووه‌ته‌ به‌ریتانیا و له‌ زانکۆی که‌مبریج مامۆستایه‌ و خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ بواری بیرکاریدا و پێشتریش سێ خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌رگرتوووه‌.

کۆچه‌ر بیرکار له‌ پاش وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌ی هیوای خواست وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ بزه‌ بخاته‌ سه‌ر لێوی چل ملیۆن کورد.

كۆچه‌ر بيركار يه‌كێكه‌ له‌و چوار ئه‌كاديمييه‌ى ئه‌مساڵ له‌ كۆنگره‌ى نێوده‌وڵه‌تیى بيركارانى جيهاندا كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 1ی ئاب له‌ ڕيۆدیجانيرۆى به‌رازيل به‌ڕێوه‌چوو، خه‌ڵاته‌كه‌ى پێبه‌خشرا.

خه‌ڵاتى فێڵد به‌ نۆبڵى بيركارى ده‌ناسرێت و هه‌موو چوار ساڵێک دابه‌ش ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ى خه‌ڵاته‌كه‌يان پێ ده‌درێت پێويسته‌ ته‌مه‌نيان نه‌گه‌يشتبێته‌ سه‌رووى 40 ساڵ و هه‌ر چوار ساڵ جارێكيش چوار كه‌س ئه‌و خه‌ڵاته‌يان پێ ده‌به‌خشرێت.

ئه‌و شاره‌زايه‌ى كورد له‌ بوارى بيركاريدا خه‌ڵاته‌كه‌ى به‌ هۆى كۆششى له‌ بوارى پۆلێن كردنى جۆره‌ جياوازه‌كانى هاوكێشه‌ى بيركارى به‌ده‌ست هێناوه‌ و سه‌لماندوويه‌تى كه‌ هه‌مه‌چه‌شنى بێ كۆتايى ئه‌و هاوكێشانه‌ ده‌كرێت دابه‌ش بكرێت به ‌سه‌ر ژماره‌يه‌كى دياريكراو له‌ پۆلێندا و ئه‌مه‌ش پێشكه‌وتنێكى گرنگه‌ له‌ بوارى ئه‌ندازه‌ى بيركاريدا.

كۆچه‌ر بيركار پێش ئه‌وه‌ى ئێران به‌ره‌و به‌ريتانيا به‌جێبهێڵێت ئه‌ندازه‌ى جه‌برى بيركارى له‌ زانكۆى تاران خوێندوووه‌، دواى ئه‌وه‌ى مافى په‌نابه‌رێتى له‌ به‌ريتانيا وه‌رگرتوووه‌ ده‌ستی كردوووه‌ به‌ خوێندنى دكتۆرا.

ئه‌و له‌ 2010دا خه‌ڵاتى (Leverhulme)ى له‌ بيركارى به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌ هۆى كۆششه‌كانى له‌ بوارى ئه‌ندازه‌ى جه‌بر و له‌ 2016دا خه‌ڵاتى (AMS Moore)ى له‌ سه‌ر وتارێكى كه‌ له‌ گۆڤارى (AMS) بڵاوي كردبوويه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

جگه‌ له‌ كۆچه‌ر بيركار براوه‌كانى ديكه‌ى خه‌ڵاتى فێڵدر ئه‌مساڵ بريتى بوون له‌ (Peter Scholze) ته‌مه‌ن 30 ساڵ له‌ ئه‌ڵمانيا، ئه‌ليسيۆ فيگالى ته‌مه‌ن 34 ساڵ له‌ ئيتاڵيا و ئاچاى فينكايچ 36 ساڵ له‌ هيندستان.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27025

Your Comment

You are replying to: .
captcha