٣١ تەمووز ٢٠١٨ - ١٥:٠٥
ئێران و ئەمریکا، بەرەو کوێ؟

بەشی ڕاپۆرت/ ئێران- پاش کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پێوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا تا دێت بەرەو ئاڵۆزبوون دەڕوات. بازاڕی دراو و زێڕ و بەگشتی کەرتی ئابووریی ئێران کاریگەریی لەو پێوەندییە ئاڵۆزە وەرگرتووە و ئێستاش وەڵامی ئێران بۆ لێدوانەکەی ترەمپ زۆر شت یەکلا دەکاتەوە.

کوردپرێس:

شەوی سێشەمە 31ی تەمووز دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئامادەیە بە بێ پێشمەرج گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بکات. ئەوەش بەو مانایە دەبێت کە ترەمپ 12 مەرجەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای نادیدە گرتووە.

زۆرینەی چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە ئەوە زیرەکانەترین هەڵوێستی ترەمپ بووە و زۆر کەس پەشیمان بوویەوە لەوەی ترەمپی بە پیاوێکی شێت زانیوە. ئێستا بەوتەی چاودێران، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە. تا ئەم کاتەش کە ئەم ڕاپۆرتە ئامادە کراوە تەنها ڕاوێژکارێکی ڕۆحانی وەڵامی لێدوانەکەی ترەمپی داوەتەوە. حەمید ئەبووتالبی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: ڕێزدانان بۆ گەلی ئێران، کەم کردنەوەی تەنگەژە و دوژمنایەتییەکان و گەڕانەوەی ئەمریکا و ئیلتیزام کردنی بە دەقی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ ئەم ڕێچکە ناهەموارە و توانەوەی بەستەڵەکی پێوەندیی نێودەوڵەتی.

بەڕای ئەبووتالبی پێوەندیی تەلەفونیی نێوان سەرۆکی هەر دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا کە ساڵی 1392/ 2013 لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجام درا لە سەر بنەمای گفتوگۆ و ڕێچکەی دیالۆگ بوو. بۆیە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک دەستکەوتی ئیلتیزام کردن بە دایەلۆگ و دانووستان بوو.

پاش لێدوانەکەی ترەمپ، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دژ بە وتەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتە پێشمەرجی بۆ گفتوگۆ کردن دانا و ڕایگەیاند: ئەمریکا تەنیا بەو مەرجە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکات کە بەرپرسانی ئێرانی ڕەفتار و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ جەماوەری ئێران بگۆڕن.

پۆمپیۆ بە کاناڵی هەواڵ "سی بی ئێن بی سی"ی وتووە: مەرجی ئەمریکا بۆ دانووستاندن لەگەڵ ئێران ئەوەیە ئێرانییەکان ڕەفتاریان لەگەڵ جەماوەری وڵاتەکەیان بگۆڕن و قبووڵی بکەن کە دەبێت مل بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ بدەن کە ڕێگر بێت لە پەرەپێدانی چەک.

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتبووی: "مومکین نییە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەین".

لێدوانەکەی بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش سەردانەکەی بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عەمان بۆ ئەمریکا بوو کە زۆرینەی چاودێران و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن بڕوایان وابوو بە مەبەستی نێوەندگیری کردنی نێوان ئێران و ئەمریکا سەردانی واشەنتۆنی کردووە.

قاسمی لەو بارەیەوە گوتیشی ئاگاداری ناوەرۆک و ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عەمان بۆ ئەمریکا نییە؛ بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە داهاتوویێکی نزیکدا بن عەلەوی سەردانی تارانیش دەکات. ئەوەش دەیسەلمێنێت کە دوور نییە سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی عەمان بۆ واشەنتۆن و تاران پێوەندیی بە ناکۆیی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە بێت.

هەڵوێستی فەرمیی ئێران بەرانبەر بە وتەکانی ترەمپ زۆر گرینگ دەبێت. سەرلێشێواوی و بێ سەروبەریی بازاڕی دراو و زێڕ و قەیرانی دارایی بەرۆکی دەوڵەتی گرتووە و پێ­ناچێت دەستبەسەر کردنی چەند کەسێکی دەڵاڵی ناو بازاڕ کاریگەریی لە سەر چاک­بوونەوەی دۆخی ئابووری هەبێت. لێرەدا هەڵوێستی پیرانە و ژیرانە لەلایەن دەوڵەتەوە هەموو شتێک یەکلا دەکاتەوە.

هەندێک لە بەرپرسان و چاودێرانیش بڕوایان وایە نابێت گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا بکرێتە تابۆ و "بڤە". حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە سکرتێری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەڕلەمانی ئێران وتوویەتی نابێت کەسی سێهەم لە پێوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا سوود وەربگرێت و پێویستە بەرپرسانی ئێران هێڵی سوور لە سەر گفتوگۆکردن دانەنێن و نەیکەن بە تابۆ.

هاوکات محەمەد جەواد حوجەتی کرمانی ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی خوبرەگان لە ڕۆژنامەی شەرقی ئێراندا داوای لە ژنەڕاڵ قاسم سولەیمانی کردووە کە لەم کاتەدا قسەی شەڕ نەکات و تا ئەو کاتەی ڕێبەری باڵای ئێران ئیزنی نەداوە یان فەرمانی نەکردووە خاوەن پلە سەربازییەکان هەڵوێست نەنوێنن.

ئەو وتانەی حوجەتی ئاماژەیە بەو هەڵوێستەی قاسم سولەیمانی کە پاش لێدوانەکەی سەرۆککۆماری ئێران لە بارەی گەرووی هورموز و هەڕەشەی داخرانی لەلایەن ئێرانەوە نواندی.

ئایا ڕووسیا بۆ نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەور دەگێڕێت؟

دوو وڵاتی ئێران و ڕووسیا لە کەرتی وزە و ئاسایش و سەربازی و هەروەها لە بواری گواستنەوە و گەیاندندا هاوکاریی ستراتێژییانەیان پێکەوە هەیە. ڕووسیا زۆر جار لە هەڵوێست نواندندا بە قازانجی ئێران دەرکەوتووە و هەوڵی داوە لە گرژییەکاندا ڕۆڵی ناوەندگیر بگێڕێت. بەڵام هەر لە دوایین لێدواندا باڵوێزی ڕووسیا لە ئیسرائیل وتوویەتی مۆسکۆ ناتوانێت ڕێگر بێت لە بەرانبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سووریا هەروەها کە ناتوانێت ئێرانیش ناچار بکات لە سووریا بکشێتەوە. لە لایێکی دیکەشەوە دیداری نێوان ترەمپ و پووتن وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی ڕووسیا بەراورد دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش یەکێتیی ئەورووپا لە بەر قازانج و بەرژەوەندیی ئابووریی خۆی ئامادە نییە دەست بداتە ململانێ و ناکۆکی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێرانی ڕایانگەیاندووە کە پۆڵسی ئیجابییان لەلایەن ئەورووپاوە پێ گەیشتووە بەڵام تا ئەم کاتە بە کرداری هیچ دیار نییە.

دیارە ئێستا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە زیرەکیی تەواو تۆپەکەی خستۆتە گۆڕەپانی ئێران و ئێرانیش لەم فەترەیەدا چۆن هەڵوێست بنوێنێت دۆخەکە یەکلا دەکاتەوە. لەم نێوانەدا شێوازی دەرکەوتنی یەکێتیی ئەورووپا و دەوڵەتی ڕووسیا و چین و تورکیا و ئەو زلهێزانەی لەم نێوانەدا شوێندانەرن یارمەتیدەر دەبن بۆ یەکلا کردنەوە ڕێچکە و دۆخەکە.

News Code 26964

Your Comment

You are replying to: .
captcha