هەولێر رێگری له‌ كۆمپانیایێكی بیانی ده‌كات داهاتی نه‌وت ئاشكرا بكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه‌ هه‌موو سێ مانگ جارێک راپۆرتی داهات و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له ‌ڕاپۆرتێكدا بڵاو بكاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای دیلۆیته‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ پێشێلكاریی یاسایی نه‌وت و گازی هه‌رێم و یاسای په‌رله‌مانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌رپێچیی یاسایی ده‌كات كه‌ زانیارییه‌كان بڵاو نه‌كاته‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: "بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ له ‌ئه‌ستۆی حكوومه‌تدایه‌، كۆمپانیاكه‌ ته‌نیا كاری وردبینی ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تدا كردووه ‌و له‌ژێر ده‌ستی حكوومه‌تدایه‌، حكوومه‌ت كه‌ پێی بڵێ بڵاوی مه‌كه‌ره‌وه‌ ئه‌ویش بڵاوی ناكاته‌وه‌".

شێرکۆ جەودەت راشیگه‌یاند: ته‌نیا له ‌حاڵه‌تێكدا زیان به‌ناوبانگی كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ خۆی رێگربێت له ‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كان، به‌ڵام حكوومه‌ت خۆی به‌رپرسیاره‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌.

به‌وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كێک له ‌هۆكاری ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان، په‌رتوبڵاوبوونی یه‌كڕیزی نیشتمانی، ململانێی سیاسی ناو هه‌رێمی كوردستان، هۆكاره‌كه‌ی ناشه‌فافی دۆسێی نه‌وت و گازه‌، كه‌ ئیداره‌یێكی سه‌رنه‌كه‌وتوو بۆ ئه‌و دۆسێیه‌ كراوه‌".

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 26945

Your Comment

You are replying to: .
captcha