کوردپرێس: سەرەڕای تێپەڕبوونی 2 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هێشتا گفتوگۆکانی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە نێوان ڕکاربەریی تایفی و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکاندا نەگەیشتۆتە ئامانج. دۆخی ئێستاکە بۆتە هۆی نیگەرانی لە داهاتووی سیاسیی عێراق و خۆپیشاندانەکانیش نیگەرانییەکان زیاتر دەکاتەوە.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر و لیستی سائێروون کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا زیاترین کورسیی بەدەست هێنا لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەی "ژیان"دا هەڵویستی خۆی لەبارەی کورد و داخوازییەکانی کورد دەربڕی و وەڵامی چەند پرسیاریشی لەبارەی ڕووداوەکانی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت و دەستێوەردانی بیانی دایەوە:
دەقی دیمانەکە:
بۆ قۆناغی ئایندە و لەئەگەری پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن ئێوەوە سیاسەتتان بەرانبەر بەكورد چۆن دەبێت؟
موقتەدا سەدر: سیاسەتی كاركردنی ئێمە بۆ كابینەی ئایندە زۆر حیاوازە و دەمانەوێت لەچوار ساڵی ئایندەدا سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ناوەند و هەرێمی كودرستان چارەسەر ببن، هەوڵ دەدەین حكوومەتێكی هاوبەشی نیشتیمانی پێكبێت بەهەموو پێوەرەكان و دوور بێت لەدەستی حیزبی و دابەشكاری و هیچ پێكهاتە و لایەنێكی تیادا وەلا نەنرێت، واتە حكوومەتێک بێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەموو عێراقیەكان بكات.
بەڵام لە ڕابردوودا هەڵوێستی ئێوە سەبارەت بە كورد بەو شێوەیە نەبوو نموونەش هەڵوێستان سەبارەت گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان نەرێنی بوو؟
موقتەدا سەدر: هەمیشە لە ڕابردوو ئێستا و ئایندەش هەڵوێستەكانم بەرانبەر بە برایانی كورد ڕوون و ئاشكرا بووە و خۆشەویستیم بۆ گەلی كورد هەبووە و پشتیوانی تەواوەتیم بۆیان هەبووە، ئەگەر مەبەستتان كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێت، ئەوە من زۆرترین هەوڵم هەبوو بۆ ئەوەی بارودۆخەكان ئاسایی بێتەوە و كێشەكان لە نێوان بەغدا و هەرێم گەورەتر نەبێت و بە بەردەوامی لە هەوڵی چارەسەری كێشەكان بووم، سەبارەت بەوەی هەڵوێستی من سەبارەت بە پێشمەرگە نەرێنی بووبێت، نەخێر من پێشمەرگەم خۆش دەوێـت و لەسەردەمی شەڕی داعش زۆرترین شەڕیان لە ئەستۆ بوو زۆرترین قوربانیان داوە، بەڵام كاتێک پرسەكە دێتە سەر ناوچە كێشە لەسەرەكان یاخود هەندێک بابەتی تر ئەوە من ئێستاش دەیڵێمەوە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و یاسا و بە هەڕەمەكی هەنگاو نەنرێت. چوونكە عێراق دەستورێكی تایبەتی هەیە و لەكاتی خۆی هەمووان بەو دەستوورە ڕازی بوون، من ئێستاش دووپاتی دەكەمەوە كە عێراق خاوەنی سوپایێكی تایبەتی سەربازییە و پێویستە دۆسیەی ئەمنی لە دەستی ئەو سوپایەدا بێت، نەک هیچ هێزێكی چەكداری تر.
لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان تا ئێستا لێكنزیک بوونەوە زەحمەتە بۆ پێكهێنانی حكوومەت هۆكارەكەی چییە، ئێوە مەرجتان چیە بۆ لایەنەكان؟
موقتەدا سەدر: لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتریش چەند مانگێک پێویست بووە هەتاوەكوو لایەنەكان دەگەنە خاڵێكی هاوبەش و رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، لیستی سائیرون هیچ مەرجێكی نیە و دەرگای كردۆتەوە بەڕووی هەموو قەوارە و لیستێک بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و لەگەڵ چەند قەوارەیێكیش هاوپەیمانیەتیمان راگەیاندووە، بەڵام هەندێک لایەنی بەرژەوەندیخواز و كرێگرتەی وڵاتانی دەرەوە لە هەوڵدان كۆسپ لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە و لێكنزیک بوونەوەی لایەنەكان دروست بكەن، مەرجی ئێمە لەگەڵ لایەنەكان نییە تەنیا لەگەڵ ئەو كەسانەیە كە تێوەگلاون لە مەلەفی گەندەڵی و وێرانكاری لە عێراق كە نامانەوێت ئەوانە بگەڕێنەوە نێو كایەی سیاسی لە عێراق.
مەبەستتان لەو وڵاتانە كێیە كە دەستێوەردان لە عێراق دەكەن ئایا بەدیاریكراوی وڵاتێک هەیە دەستێوەردان بكات؟
موقتەدا سەدر: لای هەموو لایێک ئاشكرایە دەستێوەردانی دەرەكی هەیە و تەنانەت لە ماوەی ڕابردوو بەویستی ئەوان هەڵبژاردن ئەنجام دەدرا و پۆستەكان دابەش دەكران و كایەی سیاسی بە فەرمانی ئەوان بەرێوە دەبرا، لەم هەڵبژاردنەشدا هەوڵدرا لە دوای دەركەوتنی ئەنجامەكان هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە ئەو كاتەی ئەو وڵاتانە زانیان بەرژەوەندییەكانیان لە عێراق دەكەوێتە مەترسیەوە و عێراقیش لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە دەكەوێتە قۆناغێكی نوێوە، ئێمە بەردەوام ئەوە دەڵێین كە ئیتر رێگە نادەین عێراق جارێكی تر ڕووبەروی مەترسی و شەڕی تر ببێتەوە و هەموو دەستێوەردان و بەڕێوەبردنێكی دەرەكی بۆ عێراق ڕەت دەكەینەوە و پێویستە بەهەموومان واتە هەموو عێراقیێكی خاكپەروەر عێراق ببەینە قۆناعێكی نوێ.
رۆڵی ئەمریكا چۆنە بەتایبەت لەدوای هەڵبژاردنەكان بۆ دروست كردنی كابینەی ئایندە؟
موقتەدا سەدر: عێراق وڵاتی عێراقییەكانە نەوەک ئەمریكا و هیچ وڵاتێكی تر، ئەوان بیانەوێـت هەر رۆڵێک بگێرن بۆ ئێمە گرنگ نییە بەقەدەر ئەوەی عێراقییەكان دەیانەوێت چ رۆڵێک بگێرن چوونكە لە دواجاردا دەبێت ئیرادە و بڕیار بگەڕێتەوە بۆ عێراقییەكان، نەوەک وڵاتانی دەرەكی و داگیركار هەوڵ بدەن لەرێگەی رۆڵی خۆیانەوە كاریگەری دروست بكەن و ئیرادەی عێراقییەكان بسڕنەوە و ئیرادە و بڕیاری خۆیان بسەپێنن.
لەئەگەری پێكنەهێنانی كابینەی حكوومەت چی روودەدات؟
موقتەدا سەدر: سائیرون وەک لیستی سەركەوتووی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات و هاوبەشی عێراقی، بەڵام لە ئەگەری پێكنەهێنانی بەتایبەت بەبێ هەبوونی هیچ پاساوێک بەدووری نازانم مەترسی گەورە رووبدات بەتایبەتیش تەقینەوەی ڕقی عێراقییەكان چوونكە ئیتر عێراقییەكان هێزیان لێ براوە و ناتوانن بەرگەی زیاتر لە 15 ساڵ نەهامەتی و شەڕ و ئاوارەیی كوشتن و برسیەتی بگرن، هەر بۆیەش پێویستە ئیتر سیاسیەكان بەرژەوەندییەكانی خۆیان بخەنە لاوە و هەوڵی خزمەت كردن بە عێراقییەكان بدەن و هەوڵ بدەن ئەو نەهامەتیانەی لە ڕابردوو ڕوویان داوە لە عێراق بیانگۆڕن بەخۆشی و عێراق ببەنە قۆناغی بنیاتنانەوە و خزمەتگوزاری و بووژانەوە، چوونكە ئەگەر وا نەكرێت ئەوا ڕقی جەماوەر رەحم بەو یارییانەی ئەوان ناكات كەچەند ساڵە لەگەڵ گەلی عێراقی ئەنجامی دەدەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment