کوردپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق شەوی یەکشەممە لەو بارەیەوە بەیاننامەیێکی دەرکردووە و تێیدا هەموو ئەو ئیدعاگەلە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ئامادەکردنی لیستێک لە ناوی خۆپیشاندەران دەکات بۆ دەستبەسەر کردن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەکەیدا زیادی کردووە: ئەو دەنگۆیانە ڕاست نیین و هێزی ئەمنی و ئاسایشی عێراق مامەڵەی ئاشتییانە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکەن و سڵاو دەنێرن بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە و مەدەنییانە و بە دوور لە خەسارگەیاندن بە شامانی گشتی.
بەیاننامەکە ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هێزی ئەمنیی عێراقی تەنها ئەرکی پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی هاووڵاتییان جێبەجێ دەکات و ئەوەش لە سەر جێبەجێ کردنی فەرمانی دەوڵەتی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوای لە میدیا و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن کردووە هەواڵ و زانیاریی ڕاست و واقیع بگوازنەوە خۆ ببوێرن لە پڕوپاگەندە و هەواڵی درۆ بە قازانجی دوژمنانی گەل.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆدا تەرکیز کراوەتە سەر ئەوەش کە وەزارەتی ناوخۆ بەرپەرچدانەوەی دەبێت بەرانبەر بەو میدیا و ناوەندانە هەواڵی درۆ بڵاو دەکەنەوە.
ئەوەش لە حاڵێکدایە لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێکردووە و تا ئەم کاتەش داوا کردنی ماف و داواکارییەکان لە لایەن ناڕازییان و خۆپیشاندەرانەوە بەردەوامە.
Your Comment