به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌جمه‌ددین که‌ریم ئه‌ندامى پێشووى مه‌کته‌بى سیاسیی یه‌کێتى ڕایگه‌یاند: "به‌پێی یاسا من پارێزگارى که‌رکووکم به‌ڵام کارى ڕۆژانه ناکه‌م چوونکه که‌رکوک داگیر کراوه و ڕۆژانه گرتن و کوشتن و ڕفاندن له شاره‌که و ده‌وروبه‌رى به‌رده‌وامه و جارێکىتر ته‌عریب له که‌رکووک ده‌ستی پێکردوووهتهوه و دۆخى هاووڵاتییانى کورد خراپه."
ناوبراو ئه‌وه‌شی خستۆته ڕوو: "به فه‌رمانی پارێزگای که‌رکووک زۆرێک له به‌ڕێوه‌به‌ره کورده‌کان لا براون و ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانى که‌رکووک که کورده له پۆسته‌که‌ى ماوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ش کورد له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منیشدا ده‌سه‌ڵاته‌کانی لێ سه‌نراوه‌ته‌وه."
نه‌جمه‌ددین که‌ریم باسی له‌وه‌ش کرد: چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له ڕیفراندۆم یه‌کێتى داوای لێکردم بابه‌تى به‌هه‌رێم بوونى که‌رکووک بورووژێنم به‌ڵام کاته‌که‌ی زۆر دره‌نگ بوو و له ئێستاشدا پارتی و یه‌کێتی ده‌یانه‌وێت پێکه‌وه له به‌غدا به پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش له حکوومه‌تی داهاتووی عێراق به‌شداری بکه‌ن به‌ڵام بێئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک کاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان نابێت.
ناوبراو گوتیشی: "له ٢٠١٣وه تا ئێستاش پاره‌ى پترۆدۆلار نه‌دراوه به پارێزگاى که‌رکووک و ده‌وروبه‌رى و هیچ هێزێکی کوردییش نییه پارێزگاری له خه‌ڵکی که‌رکووک بکات به یه‌کێتیشه‌وه و له ئێستاشدا یه‌کێتى ده‌سه‌ڵاتى نییه و بۆ هه‌ر کارێکیش پێویستیان به وه‌رگرتنى ڕه‌زامه‌ندییه."
نه‌جمه‌ددین که‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "به‌داخه‌وه فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک کۆمارى عێراق نه‌یتوانیوه ڕۆڵى خۆى ببینێت و هه‌موو کارێک ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى جارێکی‌تر ببێته‌وه به سه‌رۆک کۆمار و تا ئێستاش هیچ شتێک به من نه‌وتراوه بۆ ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق وه‌ربگرم."
ئه‌ندامى پێشووى مه‌کته‌بى سیاسیی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان ئه‌وه‌شی وت: کوردستان پێویستى به سه‌رۆکى هه‌رێمه و ده‌بێت له ناو خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵبژێردرێت نه‌وه‌ک به دڵى حزبه‌کان و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان دوابخرێت ئه‌وا به بۆچوونى من کاره‌ساته.
سه‌رچاوه: ئێن ئاڕتی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment