بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی سەردانی وەزارەتی کارەبای فیدڕاڵی کرد و رایگەیاند: "تیرۆرستان و ئەوانەی پشتیوانیان دەکەن هەوڵی پەکخستنی ژیان دەدەن لەرێگەی بەئامانج گرتنی تاوەرەکانی کارەبا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵەکانیان شکستیان پێهێنراوە، هەروەها هەندێک لایەن نایانەوێت عێراق لەبواری وزە و کارەبادا بگاتە ئاستی خۆبژێوی و لەو پێنیاوەشدا هەموو رێکارێک دەگرنەبەر".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی کەرتی کارەبا پەرەی پێبدرێت و پلانی ستراتیژی ئامادە دەکرێت بۆ چۆنیەتی دابین کردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان، لەهەنگاوی سەرەتاییشدا پاڵپشتی زیاتر بۆ وێستگەکانی کارەبا و دابین کردنی پێداویستییەکانیان دەستبەردەکەن لەگەڵ فرەچەشن کردنی کەرتی کارەبا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵی 2003ەوە حکوومەتەکانی عێراق نزیکەی 80 ملیار دۆلاریان بۆ کەرتی کارەبا خەرج کردووە، بەڵام گەندەڵی بووەتە بەربەستی گەورە لە دابین کردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان و نیگەرانی هاوڵاتیانیش هەست پێ دەکەن، کە بەرئەنجامی خراپی پلان و بەهەدەردانی بودجەیێکی گەورەیە بەبێ چارەسەری یەکجاری کێشەکە.
کازمی باسی لەوەش کردووە، کەمکردنەوەی رۆتین و بیۆکراسی کاری سەرەکی حکوومەتن بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا، هەروەها دەستگیرکردنی ئەوانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی لەم کەرتەدا هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی کارەبا لەم قۆناغەدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment