کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشەمە 26ی تەمووز بەرانبەر بە 4ی گەلاوێژ کۆنفڕانسی خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە بیانووی 120مین ساڵوەگەڕی دەستپێکی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە بەشداریی چالاکانی بواری میدیا و فەرهەنگ­دۆستان و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی ئێران لە هۆڵی ئیرشادی شاری مەریوان بەڕێوە چوو.
کۆنفڕانسەکە لە قەبارەی سێ پەنێل و چەند وتاربێژیدا بەڕێوە چوو و لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا بەڕێز فاتێح موستەفایی ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان خوێندنەوەیێکی کورتی مێژووییی لە سەر ڕۆژنامەگەریی کوردی خستە ڕوو و پاشان لە پەنێلی یەکەمدا سێ وتار لە لایەن بەتوول مەنسووری و سروور خدری و فواد حەبیبییەوە پێشکەش کرا و سەرۆکی پەنێلی یەکەم بەڕێز ئەنوەر ڕەوشەن لە سەر سێ وتارەکە شرۆڤەیێکی کورتی پێشکەش کرد و وتاربێژان وەڵامی پرسیاری بەردەنگان و ئامادەبووانی کۆڕەکەیان دایەوە.
لە بەشی پاش نیوەڕۆی کۆنفڕانسەکەدا سەرەتا بەڕێز جەلال شەفیعی وتاری خۆی پێشکەش کرد و پاشان پانێلی دووهەم دەستی پێکرد. لە پەنێلی دووهەمدا سێ وتار لەلایەن بەڕێزان ئیسماعیل مەحموودی و مەنسوور ڕەحیمی و ئیبراهیم محەمەدحسێنی خوێندرایەوە و دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی وەکوو بەڕێوەبەری پەنێلەکە بابەتەکانی کۆ کردەوە.
پەنێلی سێهەمی کۆنفڕانسەکە بە بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێز فەرهاد ئەمین­پوور بەڕێوە چوو و لەو پەنێلەدا سێ وتار لە لایەن بەڕێزان داوود غەفاری، فەرشید محەمەدی و فەردین موستەفاییەوە خوێندرایەوە.
بەشی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەش بە پێشکەش کردنی خەڵات و ڕێزنان لە نووسەرانی وتاری کۆنفڕانسەکەوە تەرخان کرا و 10 نووسەری ئامادەبووی کۆنفڕانسەکە کە وتاریان پێشکەش کردبوو خەڵات کران.
Your Comment