بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی ٢٦ی تەمووز شاندێکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بە بانگهێشتی حکوومەتی بەشار ئەسەد چووە دیمەشق، لەبارەی دانیشتنەکانی دیمەشقەوە مەسەدە ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیێندراوی مەسەدەدا هاتووە: لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی سوریا، ڕۆژی ٢٦ی تەموز لە دیمەشقی پایتەخت دانیشتنێک لەلایەن شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا ئەنجامدرا، مەبەست لەو دیدارە دەست پێکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان و پرسەکانی سووریا لە هەموو ئاستەکاندایە.
لە بەردەوامیدا هاتووە: پێش ئەو دیدارە، لە شاری تەبقا لە نێوان دوو کۆمیتەی بچووکی دوو لایەنەکەدا دیدار ئەنجامدرابوو، لەو دیدارانەدا بابەتی خزمەتگوزاری لە باکووری سووریا خرابووە بەر باس.
لە کۆتاییشدا مەسەدە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، کە چەندین کۆمیتە لە هەموو ئاستەکاندا بەمەبەستی دیالۆگ و دانووستان و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی و شەڕ لە کۆمەڵگادا پێکبێت، هەروەها نەخشەڕێگایێک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی سوریایێکی دیموکرات و لامەرکەزی.
سەرچاوە: فورات نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment