ململانێ‌ سیاسییه‌کان و هۆکاری خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ عێراق

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق له‌ پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامی که‌ هاوکات سکرتێری کوتله‌ی داراییی خولی سێهه‌می په‌رله‌مانی عێراق بوو له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوون و ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی ململانێ و موناقشه‌ی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان هۆشداری داوه‌ و له‌باره‌ی هۆکاری ناڕه‌زایییه‌کانی عێراق و پێگه‌ی حیزبه‌ کوردستانییه‌کان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ ڕوونکردنه‌وه‌ به‌ کوردپرێس ده‌دات.

کوردپرێس- خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییی هاووڵاتییانی عێراق له‌ پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و باشووری ئه‌و وڵاته‌ له‌ کاتێکدا به‌رده‌وامه‌ که‌ عێراق هێشتاکه‌ قه‌یرانی هه‌ڵبژاردنی تێنه‌په‌ڕاندوووه‌ و ئاسۆی پێکهێنانی حکوومه‌تی ئاینده‌ی عێراق ڕوون نه‌بۆته‌وه‌ بۆیه‌ ساحه‌ی سیاسیی عێراق گلاوه‌ به‌ گۆڕانکاری و ڕووداوی پێشبینی‌نه‌کراوه‌وه‌. کوردپرێس زنجیره‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان کردوووه‌ و ڕه‌هه‌ندی جۆربه‌جۆری ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی خستۆته‌ ڕوو که‌ له‌ عێراقدا بابه‌تی ڕۆژن. ئه‌م جاره‌شیان کوردپرێس گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید کردوووه‌ که‌ نوێنه‌رێکی به‌رجه‌سته‌ی کورده‌ له‌ پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق. ده‌قی دیمانه‌که‌:

کوردپرێس: به‌ بڕوای ئێوه‌ سه‌رچاوه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی عێراق چییه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: له‌ ڕاستیدا ئه‌ساسی ناڕه‌زایییه‌کان گرفتێکی ئابوورییه‌ که‌ خه‌ڵکی عێراق به‌ شێوه‌یێکی گشتی و پارێزگاکانی جنووب به‌ شێوه‌یێکی تایبه‌تی مه‌حروومن له‌ ئیمتیازات و حه‌ق و حقووقی ساده‌ی خۆیان. ئه‌م قه‌زیه‌ ئابوورییه‌ که‌ سه‌ره‌تا مه‌حروومییه‌ت دروست ده‌کات و دوایی تێکه‌ڵ به‌ بابه‌ت و ئه‌جێندای سیاسی ده‌بێت بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تادا مه‌سه‌له‌یێکی ئابوورییه‌ دواجار تێکه‌ڵ به‌ بابه‌تی سیاسی ده‌بێت و هێزه‌ سیاسییه‌کان ئه‌م شه‌پۆله‌ ناڕه‌زایییه به‌‌ قازانجی خۆیان ده‌قۆزنه‌وه‌ و هه‌ر لایه‌نێک و به‌ قازانجی خۆی به‌کاری ده‌هێنێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌کان و جێبه‌جێ کردنی ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆی. سێهه‌میان ده‌کرێت ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌لایه‌ن زلهێزانی جیهانی و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمییه‌وه‌ بقۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زعی عێراق به‌ ئاقارێک بگه‌یێت که‌ ناسه‌قامگیری له‌ عێراق فه‌راهه‌م بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌جێندای ده‌ره‌کی خۆیان له‌ پڕۆژه‌ سیاسییه‌کانی عێراقدا جێبه‌جێ بکه‌ن.

کوردپرێس: عێراق وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ نێوانیاندا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ به‌سره‌ بده‌ین؛ به‌م داهاته‌وه‌ بۆچی دۆخێکی ئاوا هاتۆته‌ ئاراوه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: له‌ ڕاستیدا سیسته‌می دارایی و ئیداریی عێراق سیسته‌مێکی زۆر لاواز و شکست‌خواردوووه‌ بۆیه‌ نه‌یتوانیوه‌ داهات به‌ شێوه‌یێکی یه‌کسان دابه‌ش بکات به‌ سه‌ر پارێزگاکاندا. ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک قانوونمان هه‌یه‌ یه‌ک له‌وانه‌ش قانوونی پارێزگاکانه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌و موحافیزه‌یه‌ له‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت 5 دۆلاری بۆ ته‌رخان بکرێت به‌ڵام به‌هۆی گرفتی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هه‌روه‌هاش پشتگوێ خستنی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ستاوه‌ بۆیه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خزمه‌تێک به‌و شارانه‌ بکه‌ن. خاڵی دووهه‌م مه‌سه‌له‌ی موحه‌ته‌ته‌ و ئه‌جێندای حیزبییه‌ که‌ زیاتر ئیهتیمام به‌ هه‌ندێک لایه‌نی دیکه‌ دراوه‌ ئه‌وه‌ش وای کردوووه‌ خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقدا پاشه‌کشه‌ بکات. خاڵی سێهه‌م که‌ له‌ هه‌موویان مه‌ترسیدارتره‌ ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ ته‌رخان کراوه‌ به‌ڵام فه‌ساد و گه‌نده‌ڵییێکی ئێجگار زۆر وای کردوووه‌ که‌ پاره‌ی ته‌رخانکراو نه‌گاته‌ ده‌ست هاووڵاتی و بۆ خزمه‌تگوزاری سه‌رف نه‌کرێت به‌ڵکوو به‌ شێوه‌یێک له‌ شێوه‌کان چوووه‌ته‌ باخه‌ڵی گه‌نده‌ڵه‌کان.

کوردپرێس: حکوومه‌تی عێراقی هه‌ندێک بڕیار و ڕێکاری ده‌رکردوووه‌ بۆ زاڵبوون به‌ سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ و باش کردنی باری ئابووریی ئه‌و ناوچانه‌. پێتان وایه‌ ئه‌و داپه‌ڕه‌ له‌ داهاتوویێکی نزیکدا بگاته‌ ئه‌نجام.

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: تا ئه‌جێندا سیاسییه‌کان له‌گه‌ڵ قه‌راره‌کانی حکوومه‌تدا یه‌ک نه‌گرن و یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی ته‌حقیق نه‌که‌ن پێم وانییه‌ هیچ چاره‌سه‌رێکی حکوومه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بگاته‌ ئه‌نجام چوونکه‌ ته‌رخان کردنی پاره‌ یان وه‌زیفه‌ی تازه‌ به‌پێی قانوونی پێترودۆلار و دامه‌زراندنی خه‌ڵک به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ست ته‌نها کۆمه‌ڵێک وه‌عده‌ و جێبه‌جێ کردنی تا ڕاده‌یێک سه‌خته‌ چوونکه‌ ئه‌جێندای هێزه‌ سیاسییه‌کان و داخوازیی جیاوازیی ئه‌و هێزانه‌ وای کردوووه‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف کۆمه‌ڵێک حیزب ئیراداتی خۆپیشاندانه‌که‌ ببه‌ن بۆ خۆیان. دیاره‌ له‌وێش هه‌مان ئه‌جێندا جێبه‌جێ ده‌بێت و حیزبه‌کان ئیراداته‌که‌ ده‌به‌ن بۆ خۆیان بۆیه‌ هه‌مان گرفت ده‌مێنێته‌وه‌ و خه‌ڵکی ساده‌ هه‌م مه‌حرووم ده‌بێت و هه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناڕه‌زایی پیشاندانه‌که‌ش.

کوردپرێس: باستان له‌ لایه‌نی سیاسیی ئه‌م بابه‌ته‌ کرد. کام لایه‌ن یان حیزب و به‌ چ هۆکارێکه‌وه‌ له‌ پشتی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌یه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: له‌ ئێستادا ململانێییێکی سیاسیی زۆر مه‌ترسیدار له‌ عێراق هه‌یه‌ چ له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کان و چ له‌ نێوان مه‌زهه‌به‌کان بۆ نموونه‌ کێشه‌یێک له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کاندا هه‌یه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌ سوننه‌کانیش هه‌یه‌ و حیزبه‌ سیاسییه‌ شیعه‌کانیش له‌ نێوان خۆیاندا کێشه‌یان هه‌یه‌. ململانێکان بۆ نفووز و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌ و بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای خۆپیشاندانه‌کان بکه‌ین له‌و خۆپیشاندانانه‌دا موقه‌ڕه‌ڕاتی کۆمه‌ڵێک حیزب ده‌سووتێندرێت و کۆمه‌ڵێک حیزبی تایبه‌ت له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی حیزبه‌کان هێرشیان ده‌کرێته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر له‌و خۆپیشاندانانه‌ ورد ببینه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌وه‌ ئه‌جێندایێکی سیاسیی له‌پشته‌ و جۆرێکه‌ له‌ ڕیساله‌یێک بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی و حکوومه‌ته‌که‌ی که‌ ئه‌وا شه‌قام به‌ ده‌ست حکوومه‌ت و حیزبه‌که‌ی تۆدا نییه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ که‌ مه‌رجه‌کانیان قبووڵ بکات.

کوردپرێس: پێتان وایه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ت ده‌بێت؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ عه‌بادی نێردراوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت ئه‌وا به‌ ته‌ئکید پێکهێنانی حکوومه‌ت دوا ده‌که‌وێت یان به‌ شێوه‌یێک له‌ شێوه‌کان ناگه‌نه‌ سه‌رئه‌نجام.

کوردپرێس: هه‌مان بارودۆخیش له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ باری ئابووری و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێک لایه‌ن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ خۆپیشاندانی هاوشێوه‌ له‌ هه‌رێمیش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ پێشبینیی به‌ڕێزتان چۆنه‌؟ ئایا زه‌مینه‌یێکی وا فه‌راهه‌مه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: ئێمه‌ ئه‌زموونی خۆپیشاندانمان کردوووه‌ و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێم زیاتر به‌ توندوتیژی وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران ده‌درێته‌وه‌. خاڵی دووهه‌میان ئه‌وه‌یه‌ دوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ و به‌بێ خۆبواردن و ته‌ره‌دود قه‌تڵوعامی خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن. خاڵی سێهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی بانگه‌شه‌ی خۆپیشاندان ده‌که‌ن توانای هێنانه‌ سه‌ر شه‌قامی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ فراوانه‌یان نییه‌ که‌ بتوانن کاریگه‌رییێکی ئه‌وتۆیان هه‌بێت.

کوردپرێس: باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ خۆپیشاندانه‌کان ماڵی لایه‌نی شیعه‌ی زیاتر له‌ جاران تووشی په‌رته‌وازه‌یی کردوووه‌ و له‌م نێوانه‌دا لایه‌نی کوردی ده‌توانێت باشتر به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌ت بکات به‌ تایبه‌ت بۆ به‌دیهێنان و داواکارییه‌کانی. ڕای ئێوه‌ له‌وباره‌وه‌ چییه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاست ده‌بوو له‌ کاتێکدا لایه‌نه‌ کوردییه‌کان خۆی نێوماڵیان یه‌ک بوایه‌ به‌ڵام ناو ماڵی کورد له‌ ناو ماڵی شیعه‌ شپرزتره‌ بۆیه‌ به‌ بڕوای من ناتوانن ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی لێ وه‌ربگرن چوونکه‌ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و هێزه‌ سیاسییه‌ شیعه‌کان قۆرخکارییان کردوووه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستانیش دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ن که‌ نێو ماڵی کوردیان به‌ شێوه‌یێکی وا شپرز کردوووه‌ که‌ ئه‌سته‌مه‌ یه‌ک بگرێته‌وه‌.

کوردپرێس: دوو لایه‌نی سه‌ره‌کیی هه‌رێمی کوردستان که‌ به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێیان دا ئێستا به‌ وه‌فدێکی هاوبه‌ش له‌ به‌غدان و باس له‌ پڕۆژه‌یێکی نیشتمانیی کوردستانیش ده‌که‌ن بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌ت بۆچی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان به‌ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو و گۆڕان و هاوپه‌یمانیشه‌وه‌ به‌شداریی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ناکه‌ن یان به‌ ده‌نگ بانگه‌وازی ئه‌و دوو حیزبه‌وه‌ ناچن؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: له‌ ئه‌ساسدا بۆ حوجه‌ت بڕین بوو ئه‌گینا قه‌ناعه‌تیان به‌وه‌ نییه‌ و ده‌شزانن ئێمه‌ به‌شدارییان ناکه‌ین چوونکه‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی خۆیان لێک ده‌ده‌نه‌وه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان ناڕۆنه‌ به‌غدا به‌ڵکوو بۆ ئیمتیازات و پۆستی تایبه‌تی خۆیان ده‌ڕۆن بۆیه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ نیین له‌ پڕۆسه‌یێکدا به‌شداری بکه‌ین که‌ وا به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی پێش به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی عام بخات بۆیه‌ به‌شداریی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناکه‌ین و ئه‌وان خۆیان ئازادن له‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ن.

کوردپرێس: ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی ناڕازی به‌ جیا به‌شداریی حکوومه‌ت بکه‌ن؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: تا ئێستا موناقشه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌مان نه‌کردوووه‌ به‌ڵام که‌ په‌رله‌مان کار کرایه‌وه‌ و چووینه‌وه‌ په‌رله‌مان ئه‌وکات بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 26869

Your Comment

You are replying to: .
captcha