کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەممە 7ی تەمووزی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە دەستپێکی كۆبونەوەكەدا سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، "دەستخۆشی لە تیمی حکومەتی هەرێم کرد کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بون و سوپاسی کردن کە وەڵامی پێویست و پڕ زانیاریان بۆ هەمو پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتارانی کوردستان هەبو.
سەرۆک وەزیران ئاماژەشی بەوەدا کە "کابینەی نۆیەم، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربونییەوە، باشترین هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان هەبوە و بەردەوامیش دەبین و وەزیرانی ئەم کابینەیەش، لە هەمو کابینەکانی دیکە، زیاتر چونەتە کۆبونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنە پەرلەمانیەکان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە."
مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە کە "پێویستە پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان، لەسەر بنەمای ڕێز لە یەکترگرتن و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان بێت، دور لە هەر دەربڕین و هەڵوێستنواندنێکی نەگونجاو کە خزمەتی برەودان بەم هەماهەنگییەی نێوان هەردو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن نەکات."
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڕەشنوسی نوێی هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان خستەڕو تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری تەئمین لە ناو وەزارەتی دارایی کە کاردەکات لە پێناوی چاودێریی و بەدواداچونی چالاکیی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەهەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژەياساکەی پەسەند کردو بڕیاردرا رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای (پەروەردەو فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان) خستەڕو کە بەرچاوڕونی پێویستی دەربارەی ڕەشنوسی ئەو یاسایە و گرنگیی ئەم پڕۆژە یاسایەی بۆ پێشخستنی سێکتەری پەروەردەو فێرکردن لە هەرێمی کوردستان تێدا بو، کە وا بڕیارە لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت پێش پەسەندکردنی.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە "پڕۆژەیاسای پەروەردە، پێویستە پرۆسەی پەروەردەو فێرکاريی بباتە قۆناغێکی نوێ و پەرە بە تواناو کارامەییە جەستەیی و هزرییەکانی منداڵان و قوتابیان بدات، هەروەها پێویستە ناوەندەکانی خوێندن دوربن لە توندوتیژیی و ماف و ژیانی مامۆستایان پارێزراو بێت و گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی مامۆستایان بدرێت."
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، بڕیاری دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لەلایەن سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕو و وەزیرەکان ڕاسپێردران کە لەمبارەیەوە هاوکاری و هەماهەنگيی پێویست بکەن، بەئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییە ناوخۆییەکان و خەرجکردنەوەی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو خزمەتگوزاری و برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و دورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی داهات کە نەوتە.
هەر لە میانەی ئەم کۆبونەوەیەدا، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە، گرنگترین خاڵەکانی هاتو لە دوا ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ وردبینی سێکتەری نەوت بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕو، کە تیایدا ئاماژە درا بە زۆریی خەرجییەکانی بواری نەوت کە ڕێژەیەکی گەورەی داهاتەکانی نەوت دەبات و ئاماژەی دا بە گرنگیی بەردەوامیدان و برەودان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازیی لەم سێکتەرە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی ئەو خەرجیانەی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی گواستنەوەی نەوت و نرخی فرۆشتنی دەکرێت، ئەویش لە پێناوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆ حکومەتی هەرێم بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە بەرچاوەی لە نێوان داهاتی بەدەستهاتو و خەرجیەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە.
هەروەها سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی ئێستای نەخۆشی کۆرۆنا و داتاو بنەماکانی هەڵسەنگاندنی ئەو زیادبونەی لە ڕێژەو ژمارەی توشبوان و گومان و ئەگەری بڵاوبونەوەی زنجیرەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خستەڕو، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی تەشەنەکردن و هەڵکشانی دیکەی بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە بکرێت کە پێویست بە چاودێریکردنی ڕەوشەکە دەکات، هەروەها هەڵسەنگاندنێک بۆ بەردەوامی و خێراکردنی پڕۆسەی ڤاکسین کراو جەختکرایەوە لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی تاکەکەسی و پابەندبونی شوێنە گشتییەکان، بە ڕێنماییە تەندروستیەکان.
Your Comment