کونسووڵی ئێران پێشنیاز دەکات شاندێكی په‌رله‌مانی کوردستان سه‌ردانی ئێران بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كونسوڵی ئێران پێشنیازی كرد، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران بكات.

کوردپرێس:

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نووسینگه‌ی خۆی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر كرد و كونسوڵی ئێران پێشنیازی كرد، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران بكات.

نووسینگه‌ی میدیایی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستاى هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كراون.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ پرسه‌كانی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ى عێراق، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی داعش، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هێمن هه‌ورامی پیرۆزبایی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆمارى ئیسلامیی ئێران كردووه‌ به ‌بۆنه‌ی ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران و له‌ رێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه‌ پیرۆزبایى خۆى و په‌رله‌مانى كوردستانی ئاراسته‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی كۆماری نوێی ئێران كرد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا هاتووه‌: هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ‌په‌یوه‌ندی له‌ مێژینه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرا و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی شوراى كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرایه‌وه‌.

News Code 2582

Your Comment

You are replying to: .
captcha