لە ماوەی دوو ساڵدا قەرزەکانی سەر حکوومەتی هەرێم 3 ملیار دۆلار زیادی کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند قه‌رزه‌کانی سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ماوەی دوو ساڵدا 3 ملیار دۆلار زیادی کردووه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئامانج ره‌حیم سکرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌میانه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند، قه‌رزه‌کانی سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشتر 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هه‌زار دۆلاور بوو، که‌ ده‌کاته‌ 33 ترلیۆن و 659 ملیار و 430 ملیۆن دیناری عێراقی، به‌ڵام تاوه‌کوو 31ی ئاداری 2021 کۆی قه‌رزه‌کان گه‌یشتونه‌ته‌ 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار.

ناوبراو دەشڵێت: هۆکاری زیادبوونی ئه‌م قه‌رزه‌ش بۆ نرخی دۆلار بۆ دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ک دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ 1450 دینار، جگه‌ له‌وه‌ پاشه‌که‌وتی پێنج مانگی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ ساڵی ساڵی 2020 له‌خۆده‌گرێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێک پاره‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ قه‌رزی کۆمپانیاکانی نه‌وتی، هه‌موو ژماره‌کانیش دراوه‌ته‌ دیوانی چاودێری و وردبینیان تێدا کراوه‌.

ئامانج ره‌حیم وتیشی،"هه‌رێم هیچ جۆره‌ قه‌رزێکی به‌پێی ڕێککه‌وتنی فه‌رمی له‌گه‌ڵ هیچ دامه‌زراوه‌ و بانکه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان نه‌کردووه‌، به‌ڵکوو ئه‌و قه‌رزانه‌ی کراون له‌چوارچێوه‌ی پابه‌ندی دارایی کراون، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌رێم په‌نای بۆ پاره‌ی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان بردووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، له‌کۆی گشتی قه‌رزه‌کان، 12 ملیار دۆلاری قه‌رزی مووچه‌ی پاشه‌که‌وت کراوی فه‌رمانبه‌رانه‌، به‌شێکی دیکه‌ی قه‌رزه‌کانیش، قه‌رزی بانکه‌ بازرگانیه‌کانی عێراقه‌ که‌ له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی 2021ی عێراق باسکراوه‌ که‌ نزیکه‌ی چوار ملیار دۆلاره‌ و بڕیاره‌ له‌نێوان هه‌ردوو حکوومه‌تی هه‌رێم و فیدڕاڵی چاره‌سه‌ر بکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2560

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha