کوردپرێس:
جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"پۆلیس و ئاسایش ئه‌رکێکى قورس له‌سه‌ر شانیانه و ئه‌رکیانه رێگرى یاساشکێنى بکه‌ن، من ناتوانم ھیچ لایه‌نێک له‌سه‌ر رووداوه‌که‌ى دوێنێ تۆمه‌تباربکه‌م."
هه‌روه‌ها جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ده‌شڵێت:"له ئێستادا چاوه‌ڕوانى لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌که‌ین و بوونى بریندار له روبه‌ڕوبوونه‌وه‌کاندا خه‌مبارى کردم"، من هیچ ده‌ستێوه‌ردانێک له دۆسیه‌که‌دا ناکه‌م و ئه‌گه‌ر پێویست بکات نه‌ک کچه‌که‌م، ئاماده‌م خۆشم بچمه به‌رده‌م دادوه‌ر."
هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه که "راسته له رووداوه‌که‌دا کچێکى من له‌وێ بووه، به‌ڵام ته‌نیا خۆى و منداڵێکى ساواى پێبووه، نه پاسه‌وانى هه‌یه و نه شۆفێر و بۆ راگه‌یاندنى هۆکارى شه‌ڕه‌که و هه‌ڵگیرسێنه‌رانیش، پێویسته چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌کان بکه‌ین."
شه‌وى رابردوو شه‌ڕه‌ته‌قه له‌نێوان هێزه‌کانى کۆماندۆى ئاڵتووى سه‌ر به شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌گه‌ڵ ھێزى ئاسایشى سلێمانى و پۆلیسى فریاکه‌وتن روویدا له نزیک هۆتێل ئه‌بوسه‌نا تا ناو بازاره‌که‌ى سه‌رچنار و چه‌کى قورس تێیدا به‌کارهێندراو به‌و هۆیه‌وه حه‌وت که‌س برینداربوون.
به‌پێى زانیارییه‌کان له‌و بازگه‌یه‌ى ئاسایش و پۆلیس که له نزیک هۆتیل ئه‌بوسه‌نا دانراوه داواى پێناس له کچه‌که‌ى جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌کرێت و دواتر کێشه‌که دروست ده‌بێت و کچه‌که‌ى په‌یوه‌ندى ده‌کات به هێزى کۆماندۆى ئاڵتونییه‌وه و به‌و هۆیه‌وه ئه‌و رووداوه‌ى لێده‌که‌وێته‌وه.
Your Comment