«گاڵۆ عیسا» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ململانێکانی نێوان پەکەکە و پارتی و ڕایگەیاند: پێکدادانی نێوان پەکەکە و پارتی بە بۆنەی نەناسینی سیاسەتەکانی تورکیایە لە ناوچەکە. ئەتەشی تورکیا توانای زەبر لێدانی لە پەکەکە نییە بەڵکوو دەیهەوێت بەم بیانووە سیستەم و شەرعیەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بخاتە مەترسییەوە، چوونکە نایەوێت کورد پێگەی سیاسیی هەبێت هەر بەو شێوەیە کە چەند ناوچەی لە کوردستانی سووریا داگیر کردووە.
ناوبراو درێژەی دا بۆ ئەوەی کە کێشەی نێوان دوو لایەنەکە چارەسەر بکرێت دەبێت پارتی هاوکاریی تورکیا نەکات و خۆی لە سیاسەتی تورکیا بەدوور بگرێت و سنوورەکانی خۆب بپارێزێت. پێویستە کوردەکان ڕوو لە دانوستان بکەن و خۆیان بپارێزن لە شەڕی براکوژی و سیاسەتوانانی کورد ڕۆڵی نێوەندگیریی خۆیان بنوێنن.
گەلۆ عیسا وتیشی: ئەمڕۆ کۆمەڵگای کورد دژی شەڕ و پێکدادانی نێوان ڕەوتە کوردییەکانە و پێویستە هەم پارتی و هەم پەکەکە وەکوو دوو حزبی کۆن و کاریگەر خۆیان بپارێزن لە پێکدادان تا نەبنە هۆی خۆشحاڵیی داگیرکەران.
ئەندامەکەی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا جەختی کردەوە: پێویستە پارتی و پەرلەمان و هەموو ناوەندە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەمبەر سیاسەتە دەست درێژیکارانەکانی تورکیا بوەستن و مۆڵەت نەدەن بگاتە ئامانجەکانی لە هەرێمی کوردستان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment