بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکى هەرێم ئەمڕۆ هەینی، لە نووسینێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە نووسیویەتى: "بە داخەوە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ پەڵکێش کردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان، هیوادارم کە ڕوونەدات و ئەو خوێنڕشتنە لێرەوە بوەستێ."
ئاماژەى بەوەش کردووە، بۆچی چەکدارانی پەکەکە تەنها لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕ کردۆتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بنیاد نراوە و پاساو دەدەن بە تورکیا هێرشیان بکرێتە سەر.
جێگری سەرۆکی هەرێم دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی بێگانە نین کە سنوور و سەروەرییەکانی هەرێمەکەمان ببەزێنێ، لە هەمان کاتیشدا ڕێز لەو پارتە سیاسییانە دەگرین کە لە خاکی هەرێمەکەماندا گیرساوەتنەوە و ڕێگامان داون کار و چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوە دانین کە ببن بەمایەی شەڕ و ناسەقامگیری و هۆکاری چۆڵ کردن و ماڵوێران کردن و شەهید کردنی دەیان خەڵکی سڤیل لە ناوچەکەدا."
شێخ جەعفەر جەختیش دەکاتەوە کە ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات دڵنیایە پلانی نەیارانی دژ بە نەتەوەی کوردە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment