٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٠ - ١٠:٢٠
پەکەکە: کشانەوە قابیلی گفتوگۆ نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەیێکى باڵاى هێزەکانى پەکەکە رایدەگەیەنێت، پێویستە پارتى دۆخى دارایی و ژیانى خەڵکی هەرێمی کوردستان چاک بکات نەک شەڕکردن لە دژی گەریلا، جەختیش دەکاتەوە کە کشانەوەى ئەوان لەو ناوچانەى تیایدان قابیلى گفتوگۆ نییە.

کوردپرێس:

لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى گەریلا لە سنورەکانى هەرێم و نزیک لە دانیشتوانی گوند و شارەکانەوە، فەرماندەیێکى باڵاى هێزەکانى پەکەکە بە شارپرێسی راگەیاند دەڵێت" ئێمە بۆ هیچ شوێنێک نەچووینەتە پێشەوە تا پاشەکشە بکەین، بەدەیان ساڵە لە هەرێمەکانى خۆمانداین و نەچوینەتە هیچ شوێنێکى دیکە، بەڵام گەریلا لەسەر هەر گردو چیایەک بێت لەو شوێنە خۆى دەپارێزێت".

فەرماندەکەى پەکەکە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت جەختی کردەوە، هیچ لایەک نایەوێت شەڕی ناوخۆ رووبدات بەڵکو دەیانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام بەوتەى خۆى شوێنى پارتى بۆ خزمەتکردنى خەڵکی هەرێمی کوردستانە و پێویستە دۆخى خەڵک چاک بکات نەک شەڕکردن لەدژی گەریلا.

سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکان لە سنورى بادینان و پەیوەندیەکانى پارتى و پەکەکە فەرماندەکەی پەکەکە گوتی:" ئێمە نازانین پارتى هێرش بکات یان نا، بەڵام تائێستا لە جوڵەکردن و دروستکردنى بنکەو بارەگا لەسنورى هەرێمەکانى ئێمە بەردەوامن، ئەمەش هەنگاوێکى ئاشتیانەو ئەرێنی نییە".

هەروەها فەرماندەکەى پەکەکە وتیشى" ئێمە هێزێکین بۆ پاراستنى گەلى کورد و کوردستان دروست بووین، گەریلا لەدژى دوژمنان شەڕ دەکات، بۆیە ئێمە بڕیارو رێکاری پاراستنى خۆمان هەیە".

ئەو فەرماندەیەى پەکەکە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دووپاتی کردەوە کە ئەوان تا هێرشیان نەکرێتە سەر هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێک.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا فەرماندەکەى پەکەکە روونی کردەوە، ئەوەى هێرش دەکاتە سەر بنکەو بارەگاکانى ئەوان تەنیا تورکیاو پارتییە، بۆیە پاشەکشەکردن لە هەرێمەکانى خۆمان جێگاى گفتوگۆکردن نییە.

نزیکەى دوو مانگە گرژی و ئاڵۆزی کەوتووەتە نێوان پارتى و پەکەکەوە لە سنوورى بادینانەوە، پەکەکە پارتى بە هاوکاریکردنى تورکیا تۆمەتبار دەکات و پارتیش پەکەکە بە داگیرکردنى هەرێمى کوردستان و راکێشانى تورکیا بۆ ناو خاکى هەرێم تۆمەتبار دەکات.

News Code 236

Your Comment

You are replying to: .
captcha