بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆنفرانسی ئیدارە خۆجێیە دیموکراتیکەکان، بەم جۆرەیە:
"بۆ نوێنەران و بەشدارانی کۆنفرانسی ئیدارەی خۆجێیەکانی دەم پارتی؛
لە بەشێکی گەورەی مێژوودا، دیاردەی بەڕێوەبردنی لەسەر بناغەی هەرێمی و خۆجێی، یان با بڵێین، لەسەر بناغەی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرابوو. تەنانەت لە نەریتی دەوڵەتداریشدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەڕێوەبردنی خۆجێیی بنەما و بنچینە بوون، دەسەڵاتی ناوەندیش تەنیا حاڵەتێکی ئاوارتە بوو. یاسای کارپێکراو، هەر یاسای هەرێمی و خۆجێیی بوو.
ئەم نەریتە، لەلایەن مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا و هاوچەشن-یەکپارچە-ڕەقی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا تێکدرا. سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشە و بنبەستەکانیش، سەپاندنی ئەم مۆدێلە بوو بەسەر جیهاندا.
دوای هەردوو جەنگی جیهانی، تەواوی جیهان و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەورووپا کە خۆیان داهێنەری ئەم عەقڵییەتە بوون، بە شێوازێکی دڵڕەقانە و توند، ناڕەحەتییەکانی دەستی فاشیزمیان ئەزموون کرد و هێشتاش تێیدا دەژین. لە ساڵانی ١٩٥٠کانەوە، یاسای خۆجێیی، نەتەوەیی و کەلتووری، ئەگەرچی بە شێوەیەکی سنوورداریش بووبێت، سەرلەنوێ پێناسەکرایەوە و خرایە ناو دەستوور و یاسا بنەڕەتییە دیموکراتییەکانەوە. «پەیماننامەی سەربەخۆیی ئیدارە خۆجێییەکان» کە لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە پەسەند کراوە، درێژەپێدەری ئەم پرۆسەیەیە. گەڕانەوە بۆ دیموکراسیی خۆجێیی بووەتە مایەی ڕزگاربوونی وڵاتان و هەناسەدانەوەی کۆمەڵگاکان.
له ڕۆژههڵاتی ناوەڕاستدا كه توركیا ڕۆڵێكی سهرهكی تێدا دهگێڕێت، ئهگەر چانسی دهربڕینی دیموكراتیک بۆ بونیاد و یەکە خۆجێییهكان بڕەخسێندرێت، ئهوا زۆربهی كێشهكان بە شێوازێكی ئاسانتر چارهسهر دهبن. بهتایبهتی لادانی ئهو كۆت و بهندانهی كه خراونهته سهر دیموکراسیی خۆجێیی، دهکرێت لە سهدهی دووهمیدا توركیا له ناوچهكهدا بههێز بكات. بۆ چارهسهری دیموكراتی؛ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بونیادنانەوە، ههم بۆ كۆمهڵگاكان و ههم بۆ دهوڵهتەكان مهرجێكی پێویسته. ڕهوتی گشتی و پێداویستیی ئهم سهردهمهش بهنده به كهمكردنهوهی ناوهندگهرایی و گهشهپێدانی ئیدارە خۆجێییهكان. ملنهدان و بەگژاچوونەوەی ئهم ڕهوته؛ قهیرانی سیاسی، ئابووری و ژینگهیی (ئێكۆلۆژی) ئێستا قووڵتر دهكاتهوه. خۆی لە خۆیدا سەدەیەک بهم شێوهیه بە فیڕۆ چوو و ههموو لایهكیش تێیدا دۆڕاو و زیانمهند بوون.
پێویستە نەکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە چاوەڕێ بکەین سیستەمە ناوەندپارێزە دژە دیموکراتیکەکان خۆیان بگۆڕێن. تێکۆشانی ڕێکخراو و بەردەوامی پێکهاتە کەلتووری و هەرێمییە دیموکراتیکەکان، لە خێراکردنی گۆڕانکارییەکاندا بووەتە شتیکی یەکلاکەرەوە. دیموکراسیی ناوچەیی و یاسا سەرەکییە دیموکراتیکەکانیش لە ئەنجامی تێکۆشانی لەم شێوەیەدا برەویان پێ دراوە.
فۆرمولی 'دیموکراسیی ناوچەیی و دەستووری دیموکراتیک'، لە هەمان کاتدا فۆرمولی چارەسەریی ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کوردە. شادەماری ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکیش کە ئێمە هەوڵدەدەین لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا برەوی پێ بدەین، بریتییە لە دیموکراسیی خۆجێیی. ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک تەنها بە دیموکراسیی خۆجێیی دەتوانێت مانای خۆی بدۆزێتەوە. سەرچاوەی سیاسەتی قەیومەکانیش کە لە ساڵانی ڕابردوودا دەسەپێندرێت، لەناوچوونی دیموکراسیی ناوچەییە. لە وڵاتێکدا کە دەتوانرێت بە ئاسانی نکۆڵی لە دیموکراسی بکرێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت و هەر خۆی دیاریشە کە چارەسەر نەکراون.
پرسی کورد لە ئاستی بەڕێوبەرایەتیی ناوچەییدا گەیشتووەتە قۆناغی چارەسەری. نەک تەنها لە چوارچێوەی پرسی کورددا، بەڵکوو بۆ تەواوی تورکیا ڕێی ڕزگاربوون لە کێشە هەنووکەییەکانی بەڕێوبەرایەتییە ناوچەییەکان، بریتییە لە دیموکراسیی ناوچەیی بەهێز. ئەو دیموکراسییە ناوچەییەی کە لەژێر سەقامگیریی یاسادایە، تاکە فۆرمول و ڕاستەقینەترین فۆرمولی چارەسەرییە. بۆ سووریا، عێراق و ئێرانیش ئەوەی پێویستە، بریتییە لە سەپاندنی تەواو و بێ کەموکوڕیی دیموکراسیی ناوچەیی. دژە ژەهری هەموو نەرێنییەکان، سیاسەتی دیموکراتیک و دیموکراسیی ناوچەییە. گەیشتنە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنها بەم شێوەیە ڕێی تێدەچێت.
لە برەودان بە دیموکراسیی ناوچەییدا ڕۆڵی بەڕێوبەرایەتییە خۆجێیەکان گرنگە و پێشەنگە. یەکەم هەنگاوی دیموکراسی و کۆمۆنە دیموکراتیەکانیش بریتییە لە هەرێم. پەرەپێدانی شارەوانیی کۆمۆناڵ و دیموکراتیکی گەل، ڕێنیشاندەری ئەم ڕێگەیەیە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەسەر بنەمای ناوەندی، دەسەڵات و تاکدەسەڵاتی ناو، بەڵکوو لەسەر بنەمای گەل مۆدێلی ئەڵتەرناتیڤ [شوێنگرەوە]ی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئیکۆلۆژی پەرەی پێ بدرێت. گەورەترین سەرمایەی بەڕێوبەرایەتییە ناوچەییەکان بریتییە لە گەل؛ ئەگەر ڕەنجی گەل ببێتە یەک، هیچ کێشەیەک بوونی نامێنێت کە مرۆڤ نەتوانێت چارەسەری بکات.
پێویستە مامەڵەی شارەوانیی دیموکراتیک پەرەی پێ بدرێت. بزاوتی شارەوانیی دیموکراتیک، وەکو تۆڕێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، لە کۆمۆنی گوند و گەڕەکەکانەوە بیگرە تا دەگاتە هەرەوەزییەکان، لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بیگرە تا دەگاتە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە تێکۆشانی ئازادیی ژنەوە تا دەگاتە داکۆکیکارانی مافی منداڵ و ئاژەڵان، لە گەنجانەوە تاوەکو ئیکۆلۆژیستەکان، پێویستە لە هەموو شوێنێک ڕێکخراوبوونی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دابمەزرێنێت. پێویستە سەرنج بخرێتە سەر کارەکانی منداڵ، گەنج، خوێندن، زمان، کەلتوور، هونەر، تەندروستی، ئابووری و ئیکۆلۆژی و لە سەرووی هەمووانەوە ژنان. پێویستە گۆڕەپانەکانی بەرهەمهێنان زیادبکرێن و ببێتە چارەسەر بۆ ئەو بێکارییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان دەبێت. بە پێشەنگایەتیی ژنان پێویستە گۆڕەپانی نوێی ژیان بڕەخسێنرێن.
دەبێت بەشداریپێکردنی گەل لە بەڕێوەبردندا و بەشدارکردنیان لە تەواوی بڕیارەکاندا وەک بنەمای سەرەکی وەربگیرێت. با کۆنسەی شار و ئەنجوومەنی شارەکان دابمەزرێن؛ هاووڵاتیان دەتوانن لەوێ کۆببنەوە، گفتوگۆ لەسەر هەموو جۆرە پرسێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر شارەوانیی دیموکراتیکی گەل پەرەی پێبدرێت، گەل خۆی خاوەندارێتی لە شارەوانییەکەی دەکات؛ بەم شێوەیە، نزیکایەتییە دژە دیموکراتیکەکانی وەک سەپاندنی قەیوم ناتوانن بە ئاسانی سەرهەڵبدەن.
شارەوانی، دەوڵەتگەراییەکی بچووک نییە، بەڵام ئەو سیستەمەی ئێستا دەسەپێنرێت، دەوڵەتێکی مایکرۆیە. پێویستە مرۆڤ هەم لە ڕووی فەلسەفی و هەم لە ڕووی پراکتیکییەوە لەم بیرکردنەوەیە ڕزگاری بێت. شارەوانییەکان دەوڵەتی میکرۆ (بچووک) نین، بەڵکوو کۆمونن. لە ئەورووپا بنەمای شارەوانی کۆمونە. لەلای کوردیش واتای "کۆمبوون" دەدات؛ ڕەگی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و لەم خاکەوە تا ئەورووپا بڵاوبووەتەوە.
دەوڵەت بە شێوەیەکی میکرۆ بیر دەکاتەوە و نزیک دەبێتەوە، بەڵام کۆمون چارەسەری میکرۆ دەدۆزێتەوە؛ لە نێوان ئەم دووانەشدا دیالۆگ، دانوستان و پێشبڕکێ درووست دەبێت بەڵام پێکدادان درووست نابێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێتە خاوەن کارامەیی و دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەی ڕاستەقینەی کەلتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری. دەبێت لە شارەوانییەکاندا کە زەمینە و دەرفەتی هەموو ئەمانەی تێدایە، ڕۆحی کۆمون پەرەی پێبدرێت و تەواوی کارەکان بەم ڕۆحەوە بەڕێوەبچن. تەنها گفتوگۆکردن بەس نییە، ئێستا کاتی بونیادنان و جێبەجێکردنە.
ئێمە لە مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا لەبری چین کۆمونمان دانا، گفتوگۆی بەهێزیشی لەسەر کرا. ئێمە نکۆڵی چین و دەوڵەت ناکەین. بەڵام دەوڵەت وەک گرێیەک گەورە دەبێت. سەنتێزی ئێمە بۆ دەوڵەت و کۆمون، وەک وەڵامێک پەرە دەسەنێت بۆ ئەو شەڕە سارد و بێواتایانەی کە دەبنە هۆی ئاڵۆزی گەورە و هەروەها بۆ ئایدیاڵکردنی ڕادەبەدەری چینایەتی. ئێمە ئەم بابەتە ڕۆژ بە ڕۆژ نەرمتر دەکەینەوە. دژەژەهری ئەمەش، گۆڕینی پەیوەندی نێوان کۆمون و دەوڵەتە بەرەو تێکۆشان و پێشبڕکێیەکی دیموکراتیک.
ئەو شتەی کە لەم دواییانەدا لە سووریا دەخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی بکرێت، لەم ڕووەوە گرنگە؛ لە عێراقیشدا دەبێت ئەمە جێبەجێ بکرێت. هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک نموونەیەکە؛ تورکمانەکان لەوێ دەوڵەتێکی میکرۆ نین، بەڵکوو دەتوانن ببنە کۆمونێک کە ناوەڕۆکی خۆیان دیاری بکەن.
دەبێت شارەوانییەکان بە هۆشیاری و گرنگیپێدانی دیموکراسیی هەرێمی بەڕێوەببرێن؛ نابێت شارەوانییەکان بە عەقڵییەتی بیرۆکراسی بەڕێوەببرێن. لە پاکوخاوێنییەوە تا بەرهەمهێنانی هەرزان، لە پەروەردەوە تا تەندرووستی، لە هاتووچۆوە تا ئیکۆلۆژی، دەکرێت بە نزیکایەتیی کۆمۆن چارەسەری بۆ تەواوی پێداویستییەکانی شارەکان بدۆزرێتەوە. هەر ئەوندە بەسە مرۆڤ بە نزیکایەتیی "شارەوانییەکان کۆمونن" مامەڵە بکات و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدات.
لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، سەرکەوتن لە ئیدارە خۆجێییەکان و شارەوانییەکاندا دەبێتە هۆی پێشهاتی نوێ؛ هێزێکی زیاتر دەداتە دۆخ و زەمینەی گفتوگۆی دیموکراتیک.
بەو جددیەتەی کە ئەم پرۆسەیە پێش دەخات، هیوای سەرکەوتن بۆ هەر کەسێک دەخوازم کە لە کارەکانی جێبەجێکردنی شارەوانیی دیموکراتیکی گەلدا بەشدار دەبێت. هیوادارم کۆنفرانسی ئیدارە خۆجێییەکانیش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، سڵاو و خۆشەویستی بێکۆتام پێشکەش دەکەم.
Your Comment