لەبارەی لێکەوتەکانی لادانی ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ڕوانگەی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدات

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە توندی ڕەخنە لە بڕیاری دادگا بۆ لادانی کاتیی ڕێبەری پارتى کۆماریی گەل (CHP) دەگرێت و ئەم هەنگاوە بە بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دیموکراسی، سەروەریی یاسا و مافە سیاسییەکان لە تورکیادا لەقەڵەم دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوەکە لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بڕیاری دادگای هەرێمیی ئەنقەرە بۆ لادانی کاتیی سەرکردایەتیی جەهەپە، ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە «زەبرێکی قورسە لە سەروەریی یاسا، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا» و هۆشداریشی لە لێکەوتە نەخوازراوەکانی دا.

ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بڕیارەی لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٦ دەرچووە — کە بەپێی سزادانەکە «ئۆزگور ئۆزێل» و دەستەی سەرکردایەتیی ئێستای جەهەپە لە پۆستەکانیان لادەبرێن و سەرکردایەتیی پێشوو بۆ سەرۆکایەتیکردنی پارتەکە دەگەڕێنرێتەوە — بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی حکومەت بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیادا.

بنیامین وارد، جێگری بەشی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: «دوای زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، ئێستا بە ڕوونی دیارە کە بەرپرسانی تورکیا بەنیازن سەرکردایەتیی ئێستای ئەم پارتەش لە گۆڕەپانی سیاسی وەدەرنێن.»

هاوکات چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەستێوەردانی دەزگای دادی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی ناوخۆیی پارتەکە و دیاریکردنی سەرکردایەتییەکی نوێ، بە هەنگاوێکی «بێپێشینە و نایاسایی» ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە پێشێلکاریی ڕوونی مافی ئازادیی ڕێکخراوەیی و مافی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەیە بەپێی کۆنفرانسی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بە سەرکەوتنی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) کرد لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئاداری ٢٠٢٤دا بە سەرکردایەتی ئۆزێل — کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا توانیان پێش پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بکەون — و ڕایگەیاند کە ئەم پرۆسە دادوەرییەی دژی سەرکردایەتی پارتەکە دەستیپێکردووە، «پاڵنەرێکی سیاسی ئاشکرای» لە پشتەوەیە.

News ID 227204

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha