کۆمەڵگەی ئێزدی دژی یاسای لێبووردنی گشتی هاتە دەنگ

لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆمەڵگەی ئێزدی یاسای لێبووردنی گشتی ڕەت دەکاتەوە و سەرکۆنەی دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمەڵگەی ئێزدی بە هاوبەشی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هەموواری یاسای ژمارە ۲۷ـی ساڵی ۲۰۱۶ـی لێبووردنی گشتی ڕەت دەکەنەوە و سەرکۆنەی دەکەن کە ڕۆژی ۲۱ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵ پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد، لە کاتێکدا ئەو لێبووردنە هەموو ئەو داعشە تیرۆریستانە دەگرێتەوە کە قێزەوەنترین تاوانیان دەرهەق بە مرۆڤایەتی لە عێراق کردووە، سەرباری ئەوەی  کۆمەڵکوژییان دژی ئێزدییەکان ئەنجام داوە لە شنگال و دەورووبەری.

لە بەیاننامەکەدا دەڵێن: ئێمە لە ۱۰ ساڵی ڕابردوودا چاوەڕێی دادپەروەریمان دەکرد بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دەرهەقمان کرا، دەڵێن: تێپەڕاندنی هەموواری یاسای لێبووردنی گشتی جێی سەرسوڕمان بوو بۆ ئێمە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموواری ئەو یاسایە پێشێلی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەخلاقی و بنەماکانی دەستوور و یاسایە، دەشڵێن: ئەو هەمووارە بەشداریی دەکات لە کەمکردنەوەی بەهای پێکهاتەکانی عێراق.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کۆمەڵگەی ئێزیدی و قوربانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تێپەڕاندنی ئەو یاسایە مەترسی دەخاتە سەر گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان لە عێراقدا.

داوا لە سەرۆک کۆماری عێراقیش دەکەن ئەو هەمووارە پەسەند نەکات، هاوکات داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن ڕۆڵی خۆی ببینێت وەک چاودێر لەسەر دەستوور، لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە داڕشتنەوە بۆ هەموواری پرۆژە یاساکە بکات بە لێدەرکردنی هەموو ئەوانەی بەشداریی تاوان و تیرۆریان کردووە، هەروەها دووپاتیان کردووەتەوە، گرنگە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بکرێت کە پشتیوانی تاوانەکانیان کردووە بەهەر شێوەیەک.

چوارشەممە ۲۲ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵، ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاندبوو: یاسای لێبووردنی گشتی ئەو داعشەش دەگرێتەوە کە پێنج ئافرەتی ئێزدی ڕفاندووە و لەبازاڕی نەخاسە لە موسڵ فرۆشتوویانە، لێیان دەبورێت لەبەر ئەوەی ئافرەتەکانیان نەکووشتووە بەڵکو تەنها فرۆشتوویانن.

سێشەممەی ڕابردوو ۲۱ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵ـ پەرلەمانی عێراق بەپێی بەرنامەی کاری خۆی لە بڕگەی یەکەمدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای پێشنیازی باری کەسی ژمارە(۱۸۸)ـی ساڵی ۱۹۵۹ بۆ هەردوو ماددەی(۲ و ۱۰) دا، بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەش کرایە دەنگدان لەسەر ماددەی(۵)ـی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و دەنگی لەسەر درا، لە بڕگەی سێیەمیشدا، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەموواری دووەمی لێبووردنی گشتی ژمارە(۲۷)ـی ساڵی ۲۰۱۶ درا.

News ID 224783

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha